Skip to content
krd24.netkrd24.net

کێشەی شێواندنی ناوە کوردییەکان لە کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتدا چارەسەر دەکرێت

کێشەی شێواندنی ناوە کوردییەکان لە کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتدا چارەسەر دەکرێت
گشتی
کوردستان

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق رەزامەندیی لەسەر جێگیرکردنی پیتە تایبەتەکانی زمانی کوردی لە سیستمی کارگێڕی و دیجیتاڵیی وڵاتدا دا، بە مەبەستی رێگریکردن لە شێواندنی ناوە کوردییەکان لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، لەسەر پێشنیاز و نووسراوێکی فەرمیی ئەوان، رەزامەندیی سەرەتایی دراوە بۆ ئەوەی پیتەکانی "پ، چ، ژ، گ، ڵ، ۆ، ر، ڤ و ۆ"لە سیستمی ئەلیکترۆنی و تۆمارە کارگێڕییەکانی حکوومەتی عێراقدا جێگیر بکرێن، تاوەکو لەمەودوا ناوە کوردییەکان لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وەک خۆیان بنووسرێن و نەشێوێندرێن.

پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەی راگەیاند، لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری گەلی کورد لە عێراق، بەتایبەت لە سنووری ماددەی 140، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و رەزامەندیی لەسەر دراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی ئەو پیتانە لە سیستمی ئەلیکترۆنیی حکوومەتدا تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نەبووە، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای دەستوور و مافی هاووڵاتیبوون بووە کە بەهۆیەوە هەزاران ناو شێوێندراون.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ماددەی چواری دەستووری عێراق، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا چەسپێندراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو پیتانەوە زۆرێک لە خێزانەکانی سنووری ماددەی 140 ناوی کوردییان لە منداڵەکانیان نەناوە، یان مانای ناوەکان بە تەواوی گۆڕدراون، بۆ نموونە ناوی "ژیان"کراوەتە "زیان"و ناوی "هەژار"کراوەتە "هەزار"، کە ئەوەش مەترسیی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی دروست کردووە.

لای خۆشیەوە، رایگەیاند ئێستا نووسراوەکە لەلایەن بریکاری وەزیری ناوخۆوە هامشی کارگێڕیی پێویستی لەسەر کراوە و ئاراستەی بەشی یاسایی کراوە بۆ مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردن.

لە دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، زمانی کوردی بەپێی ماددەی چوار وەک زمانی فەرمی لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دانیپێدا نراوە، بەڵام بەهۆی پەڕەپێندران و بەکارنەهێنانی سیستمی تەکنەلۆژیی گونجاو لە دامودەزگا فیدراڵییەکاندا، هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی کێشەی شێواندنی ناو و ناسنامەکانیان دەبوونەوە لە کاتی دەرکردنی بەڵگەنامە نیشتمانییەکان، بەتایبەت لە کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتدا.

 
 
سەردار حەسەن ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news