Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەردۆغان: دەبێت بەرانبەر هەوڵەکانی تێکدانی ئاشتی وریابین

ئەردۆغان: دەبێت بەرانبەر هەوڵەکانی تێکدانی ئاشتی وریابین
سیاسی
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
تورکیا ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی

 سەرۆککۆماری تورکیا، هۆشداری دایە سەرکردەکانی پارتەکەی لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و رایگەیاند، دەچنە قۆناخێکی زۆر هەستیارەوە و دەبێت بەرانبەر هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە بەئاگا بن.

رۆژنامەی "میلییەت"ـی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی مەکتەبی جێبەجێکردنی ناوەندیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، هۆشداریی دایە سەرکردەکانی پارتەکەی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر". ئەردۆغان جەختی کردەوە، دەچنە قۆناخێکی زۆر هەستیارەوە و دەبێت بەرانبەر هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە بەئاگا بن.

کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە و تێیدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، ئەردۆغان هۆشیاریی دایە بەشداربووان و، گوتی، "دەچینە قۆناخێکی زۆر هەستیارەوە، ئەگەری تێکچوونی زۆرە، بۆیە لەمەودوا لەپاڵ هەوڵەکانتان دەبێت باش کار بکەین. کەسانێک دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن و ئاڵۆزی بنێنەوە، دەبێت زۆر زیاتر وشیار بین بەرانبەریان."

لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی ئاشتی تەنیا لە رێگەی پێشهاتەکانی ناو سنوورەکانی تورکیاوە تاوتوێ نەکراوە، بەڵکوو رەوشی پێکهاتە رێکخراوەییەکانی ناوچەکەش لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە. هاوکات جەخت لە چڕکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار کرایەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لە پرسی چەکدامالین و هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە.

سەبارەت بە دەستووری نوێ، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانان لە 1ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمان بەرنامەیەکی کاری چڕی دەبێت و ئامادەکارییەکانی دەستووری نوێ یەکێک دەبن لە تەوەرە سەرەکییەکان.

یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رۆژی 10ـی ئابی 2026، لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە ئامادەن چەک دابنێن.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان پێویستە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.

 دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد. لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی کرد. 

 
عەبدولسەلام توتنچی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news