Skip to content
krd24.netkrd24.net

فێستیڤاڵی ترێ لە رواندز بەڕێوەدەچێت

فێستیڤاڵی ترێ لە رواندز بەڕێوەدەچێت
ئابووری
کوردستان رواندز فێستیڤاڵی ترێ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، دووەمین فێستیڤاڵی ترێ لە رواندز بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ لە شنگلبانە، کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، دەست پێ دەکات.

ئیدارەی سۆران لە رووی بەرهەمهێنانی ترێوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و رواندز لەم رووەوە پێشەنگە. گوندی ماویلیان بەتایبەت بە بەرهەمهێنانی جۆرەکانی ترێ بەناوبانگە، لە نێویاندا ترێی رەشمیلی. لە سنووری ئاکۆیانیش جووتیارێک هەیە کە سەرپەرشتیی 50 جۆری جیاوازی ترێ دەکات.

بەکر سلێمان، پەیامنێری لە رواندز رایگەیاند، زیاتر لە 60 جووتیار و پیشەوەر لەو فێستیڤاڵە بەشدارن. جگە لە ترێ، بەرهەمی دیکەی خۆماڵی وەک هەنجیر و هەنگوینیش لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.

هاوکات، بەهرەمەندان لە بوارەکانی وێنەکێشان و دروستکردنی کەلوپەلی دەستی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبن. ئەم چالاکییە دەرفەتێکی گرنگ بۆ جووتیاران و خاوەنکارانی دەستی دەڕەخسێنێت تا بەرهەمەکانیان بخەنە روو.

بەکر سلێمان روونیکردەوە، ترێی رەشمیلی ماویلان بەهۆی ئەوەی باخەکانی لە چیا بەرزەکانن، خاوەن تایبەتمەندییەکی جیاوازە و تا وەرزی زستانیش بەرهەمەکەی دەمێنێتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news