Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەهۆی قەیرانی وزەوە؛ پزیشکیان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە پێ بڕۆن و پاسکیل لێبخوڕن

بەهۆی قەیرانی وزەوە؛ پزیشکیان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە پێ بڕۆن و پاسکیل لێبخوڕن
گشتی
ئێران

سەرۆککۆماری ئێران داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد بە پێ بڕۆن و پایسکلی کارەبایی بەکاربهێنن بۆ دەستپێوەگرتن بە سووتەمەنی، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی رۆژێک لە هەفتەیەکدا بەبێ ئۆتۆمبێل بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی کارگەکان لە سایەی قەیرانێکی خنکێنەری وزەدا.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، داوای لە خەڵکی ئێران کردووە کە شێوازی هاتوچۆی رۆژانەیان بگۆڕن و زیاتر پشت بە پیادەڕەوی، پایسکل و ماتۆڕسکیلی کارەبایی ببەستن بۆ ئەوەی رێگری لە بەفیڕۆدانی سووتەمەنی بکرێت.

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دروشمی بنەڕەتیی ئیدارەکەی پاراستنی خولی بەرهەمهێنانە لە کارگەکاندا تا بەردەوام بێت، داواشی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکوومییەکان کرد کە دەستپێشخەر بن لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا و بەنزین، و کولتووری دەستپێوەگرتن لە نێو کۆمەڵگەدا بچەسپێنن لە رێگەی دەستکاریکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن، یەکخستنی بەشە ئیدارییەکان، دابینکردنی پاس بۆ کارمەندان و داخستنی ئەو باڵەخانانەی بەکاریان ناهێنن.

ئەم هەنگاوەی سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەستپێشخەرییەکی لە ناو باڵەخانەی وەزارەتەکەیدا لە ژێر ناوی "رۆژێکی بێ ئۆتۆمبێل"راگەیاند بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی.

سیستەمی وزەی ئێران لە دوای هێرشە سەربازییەکانی کۆتایی مانگی شوباتەوە تووشی شڵەژانێکی قووڵ بووەتەوە، کاتێک بۆردوومانکردنی وێستگە و دامەزراوە نەوتییەکان بووە هۆی لەدەستدانی توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە وڵاتدا.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا و پچڕانی بەردەوامی تەزووی کارەبا لە شارە گەورەکان، هاووڵاتییان لە بەرامبەر بەنزینخانەکاندا ریزی درێژ دەبەستن و گرانیی پێداویستییە سەرەکییەکان بژێوی خەڵکی شێواندووە، ئەمەش وایکردووە تاران بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە فەرمی پەنا بۆ سیاسەتی "ئابووریی جەنگ"ببات.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news