Skip to content
krd24.netkrd24.net

سینگاپوور پارە بە هاووڵاتییانی دەدات بەرامبەر خوێندنەوەی کتێب

سینگاپوور پارە بە هاووڵاتییانی دەدات بەرامبەر خوێندنەوەی کتێب
رۆشنبیری
جیهان خوێندنەوەی کتێب

وڵاتی سینگاپوور کەمپینێکی نیشتمانیی پێنج ساڵەی بەگەڕخستووە کە تێیدا لە رێگەی پێدانی بڕێک پارە و پاداشتی داراییەوە، هاووڵاتییانی هان دەدات بۆ زۆربوونی کاتی خوێندنەوەی پەرتووک، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی خولیا بوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی بەردەوامی مۆبایل.

بەگوێرەی ئاژانسەکان، دەستەی پەرتووکخانەی نیشتمانی لە سینگاپوور سیستمێکی پاداشتی دیاری کردووە؛ بە شێوەیەک هەر هاووڵاتییەک بۆ ماوەی 15 خولەک یان زیاتر لە ماڵپەڕی حکوومی تۆماری خوێندنەوەی پەرتووک بکات، 20 کۆینی دیجیتاڵی پێدەدرێت. کاتێک کۆینەکان دەگەنە 1000، هاووڵاتییەکە 1 دۆلاری سەنگاپوری (نزیکەی 0.8 دۆلاری ئەمریکی) پێدەدرێت، هاوکات رۆژانە تەنیا تەنیا مافی یەک تۆماری 15 خولەکی هەیە.

مێلیسا تام، سەرۆکی دەستەی پەرتووکخانەی نیشتمانیی سینگاپوور رایگەیاند: "ناوەڕۆکە کورتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا زانیاریمان پێدەدەن، بەڵام خوێندنەوەی درێژخایەن تەرکیز، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و خەیاڵ بەهێز دەکات. ئێمە دەمانەوێت کەمەڵگەیەکی خوێنەوار بونیاد بنێین کە توانای تێگەیشتنیان بۆ جیهانی ئاڵۆز هەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، پسپۆڕان و شارەزایانی پەروەردەیی ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە بڕی پاداشتەکە زۆر نییە و بۆ ماوەی 50 رۆژ خوێندنەوە تەنیا یەک دۆلاری سینگاپووری بەدەستدەهێنرێت، بەڵام وەک هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ دروستکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە لەبری خەریکبوون بە مۆبایل و بینینی ڤیدیۆ کورتەکان.

شپڕێوبوونی سەرنجی فێرخوازان و دابەزینی ئاستی خوێندنەوە لەسەرانسەری جیهاندا بووەتە کێشەیەکی جدی، بەڵام سینگاپوور دەیەوێت بەم بڕە پاداشتە بچووکە هاووڵاتییانی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو جیهانی پەرتووک و زانست.

لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی تەکنەلۆجیا و کارپێکردنی ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئارەزووی خوێندنەوەی کورتخایەن و تەماشاکردنی ڤیدیۆ خێراکان لەسەر ئاستی جیهان زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی توانای تەرکیز لە لای هاووڵاتییان و قوتابییان. حکوومەتی سینگاپوور  کە پێشتریش ئەزموونی سەرکەوتووی لە کەمپینە نیشتمانییەکاندا هەبووە، ئەمجارە رێگەی پاداشتی دارایی گرتووەتە بەر تاوەکو کەلتووری خوێندنەوە بکاتەوە بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news