Skip to content
krd24.netkrd24.net

خوێندنی باڵا: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستمی زانکۆلاین کارا دەکرێت

خوێندنی باڵا: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستمی زانکۆلاین کارا دەکرێت
په‌روه‌رده‌
کوردستان زانکۆلاین

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، پرۆسەی وردبینی بۆ داتا و نمرەی دەرچووانی پۆلی 12 لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستمی زانکۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و کۆلێژەکان کارا دەکرێت.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ رایگەیاند: "پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و وردبینی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە قۆناخی کۆتاییدایە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ یان سبەی سیستمی زانکۆلاین کارا دەکرێت و دەرچووان دەتوانن بەگوێرەی نمرەکانیان بەش و کۆلێژی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن."

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش دا، هەموو هەوڵێک دراوە تاوەکو زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکەکان وەربگیرێن و دڵنیاییشی دا کە هیچ قوتابییەک مافی نافەوتێت.

کەوتنەکاری سیستمەکە دوای ئەوە دێت کە پێنج رۆژ بەسەر رادەستکردنی ناوی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا تێپەڕ بووە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی داتا و زانیارییەکانی دەرچووانی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردبوو، 40 هەزار و 46 قوتابی توانیویانە لە خولی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

 
سەردار حەسەن ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news