Skip to content
krd24.netkrd24.net

حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر مەککە دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر مەککە دەکات
سیاسی
کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سعوودیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککە دەکەین، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی شانشینەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانیکارانی ماڵی خودا.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختدەکاتەوە، ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری و سەلامەتیی خاکی سعوودیە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هەر دەستدرێژییەکیش خاکی سعوودیە بکاتە ئامانج یان مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست بکات، رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە.

ئاماژەی بەوەش دا، بەئامانجگرتنی مەککە بەهۆی ئەو پێگە ئایینی و رۆحییەی لای موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان هەیەتی، پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە. ئەو هەوڵانە هەڕەشە لە پیرۆزیی شوێنەکان و سەلامەتیی میوانانی خودا دەکەن و پێویستییان بە سەرکۆنەیەکی روون و یەکلاکەرەوە هەیە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سعوودیە لە پاراستنی ئاسایش، سەروەری، سەلامەتیی هاووڵاتییان، دانیشتووان و میوانانی سعوودیە دەردەبڕێت. هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپاتدەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا فەرمانگەکە دووپاتیدەکاتەوە، نابێت ناکۆکییەکان ببنە بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان یان شوێنە پیرۆزەکان. رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، پیرۆزیی شوێنە ئایینییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە و رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بکرێت.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news