Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی گرنگی لەبارەی فەرمانبەرانەوە دا

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی گرنگی لەبارەی فەرمانبەرانەوە دا
سیاسی
کوردستان ئەنجوومەنی وەزیران پێشەوا هەورامانی

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. 

 پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەـی راگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی پەروەردە یان خوێندنی باڵا دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ و بەهەر هۆکارێک وازییان لە کارەکانیان هێناوە؛ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت شوێنەکانییان پڕ بکرێتەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی دامەزراندنی هەمیشەیی، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشتیان بە دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر داهاتی ناوخۆی دامەزراوەکانیان بەستووە. ئەم فەرمانبەرانە رۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردنی ئەرکە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکاندا هەیە.

پێشتر بەهۆی رێکارە داراییەکانەوە کاتێک یەکێک لەم فەرمانبەرانە وازی لە کارەکەی دەهێنا، دامەزراوەکان نەیاندەتوانی کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنێن، ئەمەش کورتهێنانی لە میلاکات و کێشەی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان دروست دەکرد. بڕیاری کاراکردنەوەی پرۆسەی لەجیاتیدانان یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە بۆ ئەوەی بەبێ دروستبوونی بارگرانیی نوێی دارایی، شوێنی بەتاڵی ئەو کارمەندانە پڕ بکەنەوە و پرۆسەی بەڕێوەبردن بەردەوامی پێ بدەن.

 

 
 

محەممەد هادی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news