Skip to content
krd24.netkrd24.net

57 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا تێپەڕدەبێت

57 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا تێپەڕدەبێت
سیاسی
کوردستان کلدان کۆمەڵکوژیی زاخۆ

ئەمڕۆ 16ی ئەیلوولی 2026، 57 ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا دەیان هاووڵاتیی بێتاوانی کلدان و کورد لەلایەن رژێمی ئەوکاتی عێراقەوە شەهید کران و خوێنی پێکهاتەکان لەسەر خاکی کوردستان تێکەڵ بوو.

شارۆچکەی سۆریا، گوندێکی کریستیاننیشینی دێرهاتی سلێڤانییە لە دەڤەری زاخۆ، لە 16ی ئەیلوولی 1969دا بووە ئامانجی پەلامارێکی دڕندانەی هێزە سەربازییەکانی عێراق. لە دوای تەقینەوەی مینێک لە نزیک گوندەکە، هێزەکانی رژێم بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک، تۆڵەیان لە دانیشتووانە بێتاوانەکەی کردەوە و پیر، گەنج، ژن، منداڵ و قەشەی گوندەکەیان (حەننا قاشا) کۆکردەوە و دەسترێژی تیرۆریان لێ کردن.

جەنان جەبار، سەرۆکی حیزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ئەم یادەوە رایگەیاند: "سۆریای ساڵی 1969 تەنیا چیرۆکی ئازاری کلدان نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەریی هاوبەشی کوردستان؛ لەو رۆژەدا خوێنی کلدان و کورد لە یەک خاکدا تێکەڵ بوو و سەلماندی کە چارەنووسی پێکهاتەکانی کوردستان یەک بووە."

سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی ئاماژەی بەوەش دا، کە یادکردنەوەی سۆریا بانگەوازێکە بۆ دادپەروەریی مێژوویی و دووپاتکردنەوەی بەڵێنە بۆ پاراستنی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان، بە جۆرێک کە هیچ تاوانێک بەهۆی ناسنامە، نەتەوە یان ئایین لە دژی مرۆڤایەتی دووبارە نەبێتەوە.

کۆمەڵکوژیی سۆریا وەک یەکێک لە تاوانە دیارەکانی رژێمەکانی پێشووی عێراق دەژمێردرێت لە دژی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان. لە رۆژی 16ی ئەیلوولدا ساڵانە هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی کریستیان و کورد بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو تاوانە و رۆژی شەهیدی کلدان دەکەنەوە.

 
 
 
ئیسرا ئەنوەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news