Skip to content
krd24.netkrd24.net

پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
تەندروستی
کوردستان سلێمانی کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشیەکانی دڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نەخۆشییەکانی دڵ بە هاوبەشیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستپێدەکات.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک پزیشک و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی ئامادە دەبن و نوێترین دۆزینەوە و پێشکەوتنەکانی بواری پشکنین، چارەسەر و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ دەخەنەڕوو.

ئارام بەختیار، پەیامنێری لە سلێمانی رایگەیاند، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمە یەکەمجارە کۆنفرانسێکی لەم شێوەیە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و وەزیرانی تەندروستیی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تێیدا بەشدار دەبن.

سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە، ئارام بەختیار گوتی "گرنگیی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ توێژینەوە و داهێنانە زانستییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن."

بڕیارە سبەی کۆنفرانسەکە لە زانکۆی قەیوان لە سلێمانی درێژەی هەبێت. مەبەست لەم هەنگاوە دەرفەت رەخساندنە بۆ فێرخوازانی بەشە پزیشکییەکان تا لە نزیکەوە سوود لەو توێژینەوە نوێیانە وەربگرن کە تایبەتن بە نەخۆشییەکانی دڵ.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news