Skip to content
krd24.netkrd24.net

بارزان میرعەلی: نابێت ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سۆران کاری تەکسی بکات

بارزان میرعەلی: نابێت ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سۆران کاری تەکسی بکات
گشتی
کوردستان تەکسی گواستنەوە و گەیاندن سۆران بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران

بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و پێویستە هاتوچۆی سۆران هاوکار بێت لە رێکخستنەوەی سەنتەری شار.

بارزان میرعەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران رایگەیاند: "بەراورد بە ساڵانی پێشوو ژمارەی ئۆتۆمبێلی تەکسی لە سۆران زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی بەردەوامی دانیشتووان، رێژەکە لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە و دەبێت زیاتریش بکرێت."

ئاماژەی بەوەش دا، نووسراویان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران کردووە تاوەکو زیاتر هاوکار بن لە قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت لەناو سەنتەری شاردا. جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا کەسیان بەهۆی کارکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت سزا نەداوە، بەڵام سزاکەی لە 750 هەزار تاوەکو 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار دیاری کراوە.

لە بارەی گرتنەبەری رێکارەکان، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران روونی کردەوە:

- شوێنی وەستان و نرخ: شوێنی وەستانی دیاریکراو بۆ تەکسییەکان دانراوە و نرخی گەڕەکەکان لەسەر تابلۆ نووسراوە؛ ژمارە تەلەفۆنیش بۆ تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییان دانراوە.
- ژمارەی هۆکارەکانی گواستنەوە: لەناو سەنتەری سۆران و دەوروبەری، زیاتر لە 2000 پاس و تەکسی کار دەکەن.
- پاسی قوتابییان: بە بەرنامەیەکی رێکخراو لە سێ کاتی دیاریکراودا قوتابییان بۆ زانکۆی سۆران دەگوازرێنەوە.
- تایبەتمەندی بەنزین: بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان، کارتی بەنزین دراوەتە تەکسییەکان تاوەکو لە چەند بەنزینخانەیەک بەبێ نۆرە بڕی 200 تا 250 لیتر سوودمەند ببن، کە ئەم خزمەتگوزارییە لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی دیکە نییە.
- تۆمارکردنی تەکسیی نوێ: بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلەکانی مۆدێلی 2025 بەرەو سەرەوە دەتوانرێت بگوڕدرێن بۆ تەکسی.

 دیاردەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت وەک هۆکاری گواستنەوە لە سۆران بووەتە هۆی دروستبوونی فشار لەسەر شۆفێرانی تەکسی و شێواندنی سیستەمی هاتوچۆ. وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جۆراوجۆری بۆ رێکخستنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە دەرکردووە، ئیدارە سەربەخۆکانیش هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە و رێکخستنەوەی سەنتەری شارەکان.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news