Skip to content
krd24.netkrd24.net

سعوودیە لە مەککە و جددە هۆشداریی ئەمنی دەدات

سعوودیە لە مەککە و جددە هۆشداریی ئەمنی دەدات
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە درۆنیان لە باشووری شاری مەککە تێکشکاند. هاوپەیمانیی عەرەبی ئەمەی بە "هێڵی سوور"دانا، لە بەرامبەردا حووسییەکان رەتیانکردەوە ئەو شارە پیرۆزەیان کردبێتە ئامانج. هاوکات شەڕ و پێکدادانەکان پەرەیان سەندووە و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی و ئابووریی لە ناوچەکەدا لێکەوتووەتەوە.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە درۆنێکی دوژمنکارانە پێش گەیشتنی بە ئاسمانی قەدەخەکراوی مەککە تێکشکێندرا. مالیکی ئەم هەوڵەی بە "کارێکی قێزەون و تیرۆریستی"وەسف کرد و رایگەیاند، ئەمە دووەم هەوڵی حووسییەکانە دوای ئاراستەکردنی مووشەکێکی بالیستی لە ساڵی 2017.

گوتەبێژەکە جەختی کردەوە، "ئاسایشی حەرەمەین و حاجییان هێڵی سوورە"و بە توندی وەڵامی هەر سەرپێچییەک دەدەنەوە. بەهۆی ئەمەشەوە، بۆ یەکەمجار زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لە شارەکانی مەککە، جددە و تائیف لێدرا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و مادی رابگەیەنرێت.

لە کاردانەوەی ئەم تۆمەتانەدا، حازم ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکیس، بەئامانجگرتنی مەککەی بە "درۆ"ناوبرد و رەتیکردەوە بە ئەنقەست مەککەیان کردبێتە ئامانج.

شەڕی راگەیاندن و سەربازیی نێوان هەردوولا توندتر بووە. یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، سعوودیەی بە ئەنجامدانی زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانی لە ماوەی 24  کاتژمێردا تۆمەتبار کرد. لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی سعوودیە ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان بۆ سەر باشووری وڵاتەکەیان 13 برینداری لێکەوتووەتەوە.

گرژییەکانی یەمەن تەنیا لەسەر وشکانی نەماونەتەوە، بەڵکو ئاسایشی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب و دەریای سووریان خستووەتە مەترسییەوە. لەم چوارچێوەیەدا شازادە محەممەد بن سەلمان و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆبوونەوەیەکیاندا لە قاهیرە، داوای پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییان کرد. بڕیاریشە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بابولمەندەب کۆببێتەوە، بەتایبەت کە قەتەر و وڵاتانی ناوچەکە هۆشدارییان داوە لەوەی داخستنی ئەو گەرووە زیانی گەورە بە ئابووریی جیهان دەگەیەنێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، بەهۆی پەرەسەندنی کردە سەربازییەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن، زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە بوون و بەشێکیان ناچار بوون بەرەو وڵاتی جیبوتی هەڵبێن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە 57 وڵات پێکدێت بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ناوچەی مەککەی کرد و پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سعوودیە راگەیاند.

 
 
 
 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news