Skip to content
krd24.netkrd24.net

کۆنگرێسی ئەمریکا رێگە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا خۆش دەکات

کۆنگرێسی ئەمریکا رێگە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا خۆش دەکات
سیاسی
جیهان سزای ئابووری

کۆنگرێسی ئەمریکا رێگەی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا و ئێران خۆشکرد.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە پەسەندکردنی بڕیارێکی کارگێڕیی، هەنگاوێکی کردەیی بۆ دەنگدانی داهاتوو لەسەر پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە سەپاندنی سزای توندتر بەسەر رووسیا و ئێران نا. ئەم هەنگاوە بەردەوامیی فشارەکانی یاسادانان لەسەر سیاسەتی سزاکانی واشنتن دەردەخات.

لە دەنگدانەکەدا 214 ئەندامی ئەنجوومەنەکە دەنگیان بە بڕیارە کارگێڕییەکە دا و 211 ئەندامیش دژی وەستانەوە. بە پێچەوانەی هەڵوێستی زۆربەی هاوکارەکانیان، جارید گۆڵدن و ماری گڵویزینکامپ پێرێز، دوو ئەندامی دیموکرات لەگەڵ کۆمارییەکان دەنگیان بە بڕیارەکە دا.

مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە سزای نوێی سەر رووسیای پەسەند کرد، بە بەشداریی لیندسی گراهام ئامادەکرابوو. پڕۆژەیاساکە باجی 100%ـی بەسەر پێنج گەورەترین کڕیاری وزەی رووسیا و باجی 500%ـی بەسەر تەواوی هاوردەکانی رووسیا بۆ ئەمریکا دەسەپێنێت.

پاش پەسەندکردنی، بەڵگەنامەکە بۆ رەزامەندیی کۆتایی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا، بەڵام لەوێ رووبەڕووی ناڕەزایەتیی سەرکردایەتیی پارتی دیموکرات بووەتەوە. سەرکردایەتیی دیموکراتەکان پێیان وایە پڕۆژەیاساکە زیانی زیاتر لە قازانجی دەبێت، هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە پشتگیریی لە جێبەجێکردنی دەکەن.

نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای سزاکانی سەر رووسیا، کە گراهام ئامادەی کردووە، بە ئەولەویەتی ئیدارەکەی دانانێت.

سێ ئەندامی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشتر هۆشدارییان دا، پڕۆژەیاساکەی گراهام بۆ سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا و ئێران، دەبێتە هۆی زیان زیاتر لە قازانج.

 
 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news