Skip to content
krd24.netkrd24.net

عەبودی: مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا جێگیرکراون

عەبودی: مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا جێگیرکراون
سیاسی
عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ جەختی لە بەرپرسیارێتیی بەغدا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە؛ ئاماژەی دا، سەرەڕای ئەوەی عێراق بەشێک نەبووە لە جەنگی ناوچەکە، ئابووریی وڵات بەهۆی ئاستەنگەکانی هەناردەی نەوتەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانەکەیدا بۆ نێردەی لە بەرلین، پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و ئاشکرای کرد، حکوومەتی فیدراڵی بە چاوی بەرپرسیارێتیی تەواوەوە لە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەڕوانێت.

عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی دەستووری ساڵی 2005 کە عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، حکوومەت خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لەسەر ئاستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستی و داخوازییەکانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختی لە گوتەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردەوە، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی بەرلین کە ڕایگەیاندبوو "هەرێمی کوردستان بەشێکی بنەڕەتی و گرنگە لە عێراق".

سەبارەت بە ئامادەبوونی بەردەوامی کەسایەتییە باڵاکانی کورد، لەوانە دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکوەزیران لە ئەوروپا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بۆ باسی لەوە کرد، ئەم کەسایەتییانە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراق دەکەن و هەریەکەیان بەپێی پێگە و بەرپرسیارێتیی خۆی ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنییان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان گێڕاوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا، عەبودی باسی لە لێکەوتەکانی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە کرد لەسەر ئابووریی عێراق و ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی عێراق لایەنێک نەبووە لە شەڕەکەدا، بەڵام ئابوورییەکەی یەکێک بووە لەوانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی کێشەکانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی دا کە لەم گەشتەدا بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا، پەیامێکی ڕوونیان گەیاندووە، عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان، و سەرۆکوەزیرانیش بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەو دوو وڵاتە کردووە تا لە کەرتەکانی وزە، ئاسایش، فڕۆکەوانیی مەدەنی و ژێرخاندا بەشداریی کارا بکەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news