وەزیری هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی چەکی لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلاماری دوژمنکارانە، هاوکات پلانێکی فراوانی خستەڕوو بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی هێزی ئاسمانی تاوەکو ساڵی 2032 لە رێگەی بەکارهێنانی ژێری دەستکرد و سەدان فڕۆکەی جەنگیی بێ فڕۆکەوان.
سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، ترۆی مەینک، وەزیری هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسمانی، بۆشایی و سایبەر لە مێریلاند، ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا چەکی تایبەتی لە بۆشایی ئاسمان جێگیر کردووە.
مەینک روونی کردەوە، ئەم چەکانە توانای کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمانیان هەیە و دەتوانن بە تەواوی پارێزگاری لە تەواوی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا بکەن بەرامبەر هەر هەنگاوێکی نەیارەکانیان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو هەڕەشە خێرایانەی کە لە سەرووی بەرگەهەواوە رووبەڕووی وڵاتەکەی دەبنەوە.
وەزیری هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشە سەربازییەکان زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرا دەگۆڕێن و تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد هاوکێشەی جەنگی لە جیهاندا سەرەوژێر کردووە. ناوبراو بۆ سەلماندنی گوتەکانی ئاشکرای کرد، لە بەرەکانی جەنگی ئەوروپادا، درۆنی بۆمبڕیژکراو بە تەواوی جێگەی تۆپخانەیان لە مەیدانەکاندا گرتووەتەوە و ئەمەش وایکردووە، تانکەکان بێسوودبن، هاوکات ژیریی دەستکردیش توانایەکی لەڕادەبەدەری بەخشیوەتە ئەو وڵاتانەی کە لە رابردوودا خاوەنی سەرچاوەی دارایی نەبوون تا بە خێرایی توانای شەڕکردنیان پەرەپێبدەن.
جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی هەنگاوەکانی ئەمڕۆوە، تاوەکو ساڵی 2032 هێزی ئاسمانیی ئەمریکا شێوازێکی تەواو جیاواز و سەردەمیانە وەردەگرێت لە رێگەی تێکەڵکردنی فڕۆکەی بە فڕۆکەوان لەگەڵ هەزاران سیستەمی زیرەکی خۆکار. مەینک ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە لانیکەم 500 فڕۆکەی جەنگیی سەربەخۆ( بێ فڕۆکەوان و کە بە ژیری دەستکرد کار دەکات) لە جۆری فڕۆکەی هاوبەشی شەڕکەر بخەنە خزمەتەوە کە ئەرکی فڕۆکە جەنگییە سەرەکییەکان دەگرنە ئەستۆ، هەروەها ناوی دوو درۆنی نوێی وەک (FQ-42) بە ناوی "تۆڵەسەندنەوە"و (FQ-44) بە ناوی "تووڕەیی"ئاشکرا کرد، لە پاڵ بەرهەمهێنانی درۆنێکی فرەمەبەستی کەم تێچوو بە ناوی (MMA) کە نرخەکەی تەنیا یەک لەسەر دەی فڕۆکەی نەوەی پێنجەم دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترۆی مەینک ڕایگەیاند، ئەزموونی ئەمریکا لە جەنگی ئێران و پێشکەوتنی نەیارەکانیان، وایکردووە سەرنجی سەرەکی بخەنە سەر پرسی "بەرگریی پێگەیی"بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکان لە هێرشی درۆن و مووشەک، تا سەرجەم کەلێنە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە.
وەزیری هێزی ئاسمانی هۆشداری دایە کۆمپانیاکانی چەک و کەرتی پیشەسازیی بەرگری کە دەبێت رێگری لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی چەک بکرێت کە خێراتر لە هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە، و جەختی کردەوە، پڕۆسەی پەسەندکردنی بودجەی سەربازی دەبێت خۆی لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییەکانی جەنگی سەردەمدا بگونجێنێت.
گومەزی زێڕین
رۆژی سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانی دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکی بە ناوی "گومەزی زێڕین"بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە هێرشە دەرەکییەکان ئاشکرا کردبوو و دووپاتی کردبووەوە تا کۆتایی خولی دووەمی دەسەڵاتەکەی، کارەکانی ئەو قەڵغانە تەواو دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی دابوو، بە فەرمی دیزاینیان بۆ ئەم سیستەمە مووشەکییە پێشکەوتووە هەڵبژاردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، کۆی تێچووی پرۆژەکە لە کاتی تەواوبوونیدا دەگاتە نزیکەی 175 ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
یەکەم هەنگاوی گومەزی زێڕین
رۆژی هەینی 25ی ئابی 2026، جەنەڕاڵ مایکل گێلاتین، فەرماندەی باڵا لە سوپای ئەمریکا، رایگەیاندبوو یەکەم پارچەی کارای ئەم سیستەمە کە بە "سیستەمی چاودێریی بەردەوامی دوور مەودا"یان (ALPS) ناسراوە، لە بنکەی "لیتل کریک فۆرت ستۆری"جێگیر کراوە. ئەم سیستەمە خاوەن توانایەکی بێوێنەیە لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و شوێنکەوتنی ئەو هەڕەشانەی کە ڕادارە کلاسیکییەکان ناتوانن بە ئاسانی دەستنیشانیان بکەن.
سیستەمی (ALPS) جیاواز لە رادارە کۆنەکان، پشت بە "روانینی ناچالاک"(Passive Detection) دەبەستێت؛ واتە هیچ شەپۆلێک لە خۆیەوە دەرناکات تا دوژمن نەتوانێت دەستنیشانی بکات یان پەیوەندییەکانی تێک بدات (Jamming). ئەم سیستەمە تەنیا گوێ دەگرێت لەو شەپۆلە ئەلیکترۆمەگناتیسیانەی کە لە خودی مووشەک یان درۆنەکەوە دەردەچن و لە رێگەی زیرەکیی دەستکردەوە داتاکان بۆ مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکان دەنێرێت.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) تێچووی بنەڕەتیی ئەم پڕۆژە زەبەلاحەی بە 185 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، و تەنیا بۆ ساڵی دارایی 2027 بڕی 17.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لەسەر ئۆتۆمبێلی سەربازیی مامناوەند بار دەکرێت، ئەمەش وای کردووە کە بتوانرێت بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازرێتەوە.
ئەم پارچە نوێیەی گومەزی زێڕین لە نزیک سیستەمی بەرگریی "تاد"(THAAD) جێگیر کراوە. شارەزایان دەڵێن ئەرکی سەرەکیی ئەم هەستەوەرانە پڕکردنەوەی ئەو کون و کەلێنانەیە کە رادارە ئاساییەکان هەیانە، بەتایبەت بۆ ئەو درۆن و مووشەکانەی لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەفڕن و پەنا بۆ بەرز و نزمییەکانی زەوی دەبەن تا خۆیان لە ڕادار بشارنەوە.
پڕۆژەی گومەزی زێڕین لە ئایندەدا چەندین چینی تری بەرگری لە وشکانی، دەریا و تەنانەت بۆشایی ئاسمانیش دەگرێتەوە، کە هەموویان لە رێگەی تۆڕێکی یەکگرتووی زیرەکیی دەستکردەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و کاتی بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری.




