Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەکسیۆس: ئێستا تانکەرە نەوتییەکان بە رۆژ لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن

ئەکسیۆس: ئێستا تانکەرە نەوتییەکان بە رۆژ لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرووی هورمز

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دوو بەلەمی سەربازیی ئێرانیان لە گەرووی هورمز تێکشکاندووە دوای ئەوەی هەوڵیان دابوو درۆنێکی دەریایی ئەمریکی بڕفێنن، هاوکات سوپای ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لە هەنگاوێکی نوێدا دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی تانکەرە نەوتییەکان لە کاتی رۆژدا.

سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە گۆڕانکارییەکی گەورەدا لە جووڵەی بازرگانیی دەریایی، سوپای ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی تانکەرە نەوتییەکان لە نێو گەرووی هورمز لە کاتی رۆژیشدا، لە کاتێکدا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە جووڵەی تانکەرەکان تەنیا بۆ کاتی شەو سنووردار کرابوو.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەری ناوچە پاککراوەکان لە مینی دەریایی لە هێڵی ناوەڕاستی کەشتیوانیی گەرووەکە فراوانتر کردووە. لە هەمان کاتدا، بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور، سعوودیە بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی ئەو تانکەرانەی زیاد کردووە کە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە رەوانەی دەرەوەیان دەکات.

سەبارەت بە پێکدادانە سەربازییەکەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، سوپای پاسدارانی ئێران دوو بەلەمی بچووکی بەکارهێنابوو بۆ دەستبەسەرداگرتن و دزینی درۆنێکی دەریایی ئەمریکا کە بە مەبەستی چاودێریکردن لە گەرووی هورمزدا دەسووڕایەوە. دوای دەستنیشانکردنی هەوڵەکە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئەمریکی دوو مووشەکی ئاراستەی بەلەمە ئێرانییەکان کردووە و بە تەواوی تێکی شکاندوون، کە بەهۆیەوە زۆربەی ئەو کەسانەی لەسەر بەلەمەکان بوون کوژراون.

کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بەلەمە ئێرانییەکان هەوڵیان دا دەست بەسەر کەشتییەکی بێسەرنشینی ئەمریکیدا بگرن، بەڵام سێنتکۆم بە هێزەوە وەڵامی دانەوە و پیلانەکەی پووچەڵکردەوە، و ئێستاش درۆنە دەریاییەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە.

لە بەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری ئەمنی بڵاویانکردەوە کە ئەمریکا لە نزیک بەندەری کارگان و دوورگەی لارەک لە دوو "بەلەمی راوکردنی ماسی"داوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک ماسیگر بێسەروشوێنن.

بەپێی ئەو ئامارانەی بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئێستا رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 40 کەشتی لە ژێر پارێزگاری و ڕێنمایی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکادا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، کە لەو رێگەیەوە رۆژانە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. هاوکات لە ماوەی هەفتەی رابردوودا جگە لە نەوتی خاو، چەندین کەشتیی هەڵگری گازی سروشتی و شلکراویش (LNG و LPG) بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news