Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا و ئوردن مەشقی سەربازیی 'شێری برسی'یان لە کۆلۆرادۆ دەستپێکرد

ئەمریکا و ئوردن مەشقی سەربازیی 'شێری برسی'یان لە کۆلۆرادۆ دەستپێکرد
سیاسی
جیهان

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە بەشداریی زیاتر لە 200 سەربازی هەردوو وڵات، دوازدەیەمین خولی مەشقی سەربازیی هاوبەشی "شێری برسی 2026"یان لە بنکەی فۆرت کارسۆن لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا دەستیپێکرد، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سەربازی لە  ۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم، ئەم مەشقە دوو هەفتەییە بە ئامانجی قووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و عەممان بەڕێوەدەچێت، کە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

لەو بارەیەوە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییە سەربازییە لەمێژینەکانی نێوان سوپای هەردوو وڵات لە هەمیشە بەهێزترە، و راهێنانی هاوبەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئامادەکاریی هاوبەش و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای بەرپەرچدانەوە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکاندا.

لە خولی ئەمساڵی مەشقەکەدا، سەربازانی ئەمریکا لە تەنیشت هاوتا ئوردنییەکانیانەوە راهێنان لەسەر کۆمەڵێک سیناریۆی جۆراوجۆر دەکەن کە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەرگریی ئاسمانی، ئاسایشی دەریایی، جەنگی سایبەری و چۆنیەتیی بەدەمەوەچوونی کارەساتە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت.

هاوکات لەم مەشقانەدا جگە لە هێزە فەرمییەکانی هەردوو وڵات، یەکەکانی پاسەوانی نیشتمانیی سەر بە ویلایەتەکانی کۆلۆرادۆ و ئیلینۆی ئەمریکاش بەشداریی کارا دەکەن.

ویلایەتی کۆلۆرادۆ پەیوەندییەکی تایبەت و دێرینی لەگەڵ سوپای ئوردندا هەیە، کە لە ساڵی 2004ـەوە لە رێگەی "بەرنامەی هاوبەشیی ویلایەتەکان"ەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 22 ساڵە متمانەیەکی قووڵی سەربازی لە نێوانیاندا دروستکردووە.

ئەم بەرنامەیە کە لە ساڵی 1993 دامەزراوە، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ بەستنەوەی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا بە سوپای وڵاتانی دۆست لە پێناو فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی جیهان.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news