وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی هەنگاوی نوێ دەنێت و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا چەندین تانکەری بەنزین و گاز بگەنە ناوخۆی وڵات.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، گرێبەستی زیاتر کراوە بۆ دابینکردنی بڕی زیاتر لە هەردوو بەرهەمی بەنزین و گاز.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت ئەو تانکەرانە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەنە عێراق بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی سووتەمەنی بەهۆی زۆربوونی خواستەوە دروست بووە.
لە درێژەی قسەکانیدا رووکابی ئاماژەی بەوە دا، ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقدان بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەپێی ئاستی خواستی راستەقینە و بەکارهێنان. جەختی لەوەش کردەوە، وەزارەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی هەر کەمکوڕییەک لەرێگەی زیادکردنی هاوردەکردن لە کاتی پێویستدا، بە شێوازێک سەقامگیری لە بازاڕ دروست بکات و تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەستەبەر بکات.
عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بەڵام بە درێژایی ساڵانی رابردوو بەدەست کێشەی کەمیی بەرهەمە پاڵاوتەکانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی بەنزین و گازوایل.




