دەزگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا (HSI) لە دیترۆیت رایگەیاند، رەعد ئالەنبەگی دەستگیرکراوە، بەهۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن ئالەنبەگی لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، پلەیەکی باڵای لە دەزگای هەواڵگریی عێراقدا هەبووە.
شەممەی رابردوو، نووسینگەی HSI لە دیترۆیت لە راگەیەندراوێکدا لە سۆشیاڵ میدیا ئاشکرایکرد: "بریکارە تایبەتەکانی HSI رەعد ئالەنبەگی-یان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی بە سەرۆکایەتیی دەزگاکەمان، زانیاریی ئەوەی دەرخست ئالەنبەگی پێشتر ئەفسەرێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە لە سەردەمی سەدام حوسێن".
دەزگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی دەربارەی پلەی سەربازیی ئالەنبەگی، سروشتی ئەرکەکەی لەناو دەزگا هەواڵگرییەکە، ئەو کارانەی پێی تۆمەتبارە، دۆخی مانەوەی لە ئەمریکا، یان ئەو تۆمەتە فەرمییانەی ئاراستەی کراوە، ئاشکرا نەکردووە. لەگەڵ بەردەوامیی رێکارە یاساییەکان لە دادگا، چاوەڕوان دەکرێت زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە بڵاوبکرێتەوە.
دەستگیرکردنی ئالەنبەگی گومانەکانی لەبارەی چۆنیەتیی هاتن و مانەوەی ئەو کەسانە لە ئەمریکا زیاتر کردووە کە پێوەندییان بە دەزگاکانی هەواڵگریی سەدام حوسێنەوە هەبووە. سەرەڕای دڵنیایی دەزگا فیدراڵییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێکاری ورد و توندی پشکنین بۆ ئەو بیانییانەی دەیانەوێت بێنە ناو وڵاتەکە، ئەم کەیسە ئەو ئاستەنگانە دەردەخات کە لە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەدا هەن، کە پێشینەی خۆیان لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییە بیانییەکاندا دەشارنەوە.
دەزگاکانی هەواڵگریی سەدام حوسێن، وەک بەشێک لە مێژووی رژێمەکە، لە ناوچەکەدا بە دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی توند و دڕندە ناسرابوون.
.@HSIDetroit gets results.
— Homeland Security Investigations (@HSI_HQ) September 13, 2026
HSI special agents arrested Raad Alanbagi after an HSI-led investigation uncovered information tying him to prior service as a high-ranking Iraqi intelligence officer during the Saddam Hussein era.
HSI continues to safeguard our communities and… pic.twitter.com/fVQhKvjff8




