ژمارەیەک زانکۆی باوەڕپێکراوی وڵاتی رووسیا لە رێگەی ئۆڵۆمپیادی 'Open Doors'، کورسی خوێندنی بێبەرامبەر لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکەن و تەواوی پرۆسەی پێشکەشکردنیش بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
پڕۆژەی Open Doors کێبرکێیەکی نێودەوڵەتییە لە نێوان قوتابیانی سەرجەم وڵاتانی جیهان. بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لەم پڕۆژەیە رەخساندنی دەرفەتی خوێندنە بە هەردوو زمانی رووسی و ئینگلیزی. ئەو فێرخوازانەی لە تاقیکردنەوە و کێبرکێکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، لەلایەن حکوومەتی رووسیاوە کرێی خوێندن، هاوکاریی ماددی مانگانە و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەرفەتە لە چەند قۆناخێک پێکهاتووە:
- قۆناخی یەکەم: دروستکردن و پێشکەشکردنی پرۆفایلی کەسی کە زانیارییە تایبەتی و ئەکادیمییەکان لەخۆدەگرێت.
- قۆناخی دووەم: ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئۆنلاین لەو پسپۆڕییەی فێرخواز هەڵیبژاردووە.
- قۆناخی سێیەم (تایبەت بە دکتۆرا): پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرپەرشتیاری دیاریکراو.
فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کە خوازیارن بەشداری بکەن، پێویستە تاوەکو 1ی تشرینی دووەمی 2026 لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی Open Doors خۆیان تۆمار بکەن و دۆکیومێنتەکانیان بنێرن.
لە ساڵانی پێشوودا ژمارەیەک لە قوتابیانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆژەیەی وڵاتی رووسیا سودمەند بوون و لە زانکۆ جیاجیاکانی ئەو وڵاتە خوێندنیان تەواو کردووە. بەشێک لەو دەرچووانە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.




