ئەلیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، داوای لەو هاووڵاتییە ئۆکرانی و سوورییانە کرد کە لە ئەڵمانیا دەژین، بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
ڤایدل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی نەمسایی "ئەی یو ئێف وەن"رایگەیاند، قەیرانی کۆچبەران لە وڵاتەکەدا بەردەوامە. ئەو روونیکردەوە، زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر هەن کە داواکارییەکانیان چەند جارێک رەتکراوەتەوە و دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە، کە زۆربەیان ئۆکرانی و سوورین.
ڤایدل رەخنەی لەو بارە داراییە گرت کە بەهۆی پێدانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی بە ئۆکرانییەکان لە ئەڵمانیا دروست بووە و داوای لەو گەنجە ئۆکرانییانە کرد، تەمەنیان گونجاوە بۆ خزمەتی سەربازی، ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.
بە گوتەی ڤایدل، زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکرانی لە ئەڵمانیا هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. ئەو جەختیدایەوە، ئەم دۆخە لە رووی داراییەوە بەردەوامبوونی ناکرێت.
ڤایدل رایگەیاند، پێویستە ئەو ئۆکرانییانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. گوتیشی؛ بەتایبەتی گەنجە ئۆکرانییەکانی تەمەن گونجاو بۆ سەربازی، کە ژمارەیان بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، دەبێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هەروەها ڤایدل داوای لەو سوورییانە کرد کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە کاتی نەمانى هۆکارەکانی مانەوەیاندا بگەڕێنەوە سووریا. سەبارەت بەو هاووڵاتییە سوورییانەی پەنایان بۆ ئەڵمانیا هێناوە، رایگەیاند، هەر کاتێک هۆکاری هەڵهاتنیان لە وڵاتەکەیان نەما، دەبێت بگەڕێنەوە.
ڤایدل پێداگری لەسەر ئەوە کرد، پەنابەرێتی مافێکی کاتییە و پێویستە خەڵک لە کاتی نەمانى هۆکارەکانی پەنابەرێتیدا بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، نەک هەوڵی بەدەستهێنانی رەگەزنامە بدەن.
ئەو روونیکردەوە، لە سایەی حکوومەتێک کە پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا سەرکردایەتی بکات، چاوەڕوان دەکرێت هاووڵاتییە سوورییەکان بگەڕێنەوە سووریا، نەک بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ئەڵمانیا بمێننەوە.
ڤایدل جەختیدایەوە، حکوومەتی پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا پێداچوونەوە بە دۆسیەی رەگەزنامەی سوورییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئایا مەرجەکان بە دروستی جێبەجێکراون یان نا. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد حیزبەکەی گومانی گەورەی لە هەندێک لەو حاڵەتانە هەیە.




