Skip to content
krd24.netkrd24.net

عومان داوای دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوەی هورمز دەکات بۆ هەناردەکردنی گازی شل

عومان داوای دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوەی هورمز دەکات بۆ هەناردەکردنی گازی شل
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان سه‌ڵته‌نه‌ی عومان گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

وەزیری وزەی عومان داوادەکات رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتیی شل (LNG) بدۆزرێتەوە تاوەکو بارەکان بەبێ تێپەڕین بە گەرووی هورمز بگەنە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش لە کاتێکدایە ململانێ و نائارامییە بەردەوامەکانی چەند مانگی رابردووی ناوچەی کەنداو بوونەتە هۆی پەکخستنی بەشێک لە کاروانە بازرگانییەکان.

سالم عەوفی، وەزیری وزە و کانزاکانی عومان، دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "گاستێک"لە بانکۆک رایگەیاند، "پێویستە بژاردەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن دەستنیشان بکەین، چ لە رێگەی باکوورەوە بێت یان لە رێگەی عومان یان یەمەنەوە. گوتیشی، بژاردەکانتان هەمەجۆر بکەن بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکە دەرباز بکەن".

ئەم داوایەی عومان هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی کۆمپانیای "ئەدنۆک گاز"لە ئیمارات، کە تاوتوێی دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتیی شل لە دەرەوەی گەرووی هورمز دەکات، لە کاتە ئاسایییەکاندا نزیکەی پێنجیەکی تەواوی پێداویستیی گازی شلی جیهان بە نێو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات عومان ئێستا وێستگەیەکی هەناردەکردنی گازی شل لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا بەگەڕ دەخات کە لە دەرەوەی گەرووی هورمزە و بۆ گەیاندنی بارەکانی پشت بەو گەرووە نابەستێت.

جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە ئەوەیان ئاشکراکرد، وڵاتانی کەنداو تا چ ئاستێک پشتبەستوو بوون بە تەنیا یەک رێڕەوی ئاوی بۆ هەناردەکردنی زۆربەی سامانی وزەی خۆیان، ئەم دۆخەش هانی داون بەدوای رێگەی بەدیلدا بگەڕێن بۆ پاراستنی هەناردەکردنی بەردەوام و راگرتنی سەقامگیریی ئابوورییەکەیان.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news