ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی ئاماری تورکیا ئامارە فەرمییەکانی تایبەت بە هەناردەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، عێراق لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە پلەی حەوتەمی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری تورکیا دێت و بەهای ئەو هاوردانەش گەیشتووەتە نزیکەی 6.08 ملیار دۆلار.
هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لەو ماوەیەدا بەراورد بە 6.59 ملیار دۆلاری هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 7.8% کەمی کردووە. لە ریزبەندیی گشتیشدا ئەڵمانیا بە بەهای 13.29 ملیار دۆلار لە پێشەنگی وڵاتانی هاوردەکاردا بووە، دوای ئەویش ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا و ئیسپانیا پلەکانی یەکەم تا شەشەمیان گرتووە.
لە ئاستی مانگانەشدا تەنیا لە مانگی تەممووزی 2026، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بە رێژەی 15.5% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 1.11 ملیار دۆلار، لە بەرامبەر 963.4 ملیۆن دۆلاری تەممووزی 2025. بەمەش عێراق لەو مانگەدا پلەی چوارەمی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری تورکیای بەدەستهێناوە.
کۆی گشتیی هەناردەی تورکیا لە حەوت مانگی یەکەمی 2026 بە رێژەی 3.4% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 161.54 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 156.26 ملیار دۆلار بووە.




