Skip to content
krd24.netkrd24.net

سەرۆکی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەشداریی کۆنفرانسی ڤیێنا ناکات

سەرۆکی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەشداریی کۆنفرانسی ڤیێنا ناکات
سیاسی
ئێران ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی

بەرپرسێکی ئاگادار رایگەیاند، پێشبینی ناکرێت محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەشداریی کۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤیێنا بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئیسلامی بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە ناکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەژێر سزای قەدەخەکردنی گەشتکردنی نێودەوڵەتیدایە.

نەهاتنی ئیسلامی بۆ کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە نیشانەیەکی دیکەی تێکچوونی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دادەنرێت. ئەم دۆخە بەتایبەت لە دوای مانگی تەممووزەوە ئاگربەستێکی لاواز هەڵوەشایەوە و ئەمریکا و ئێران دیسانەوە دەستیان بە پێکدادانی یەکلاکەرەوە کردووەتەوە.

بەرپرسێکی ئاگادار رایگەیاندووە: نەمسا هەوڵیدا لە رێگەی لیژنەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مۆڵەتی تایبەت بۆ ئیسلامی وەربگرێت تا گەشت بکات، بەڵام داواکارییەکەیان رەت کراوەتەوە. نەمسا وەک وڵاتی خانەخوێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیێنا، دەتوانێت داوای لێخۆشبوون لە قەدەخەکردنی گەشتکردن بکات بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە بتوانن بەشداریی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بکەن.

لەوەتەی لە حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل و ئەمریکا لە جەنگێکی 12 رۆژەدا هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەداوە بچنە ئەو شوێنانەی بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تاران پابەندە بەو پەیماننامانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە رێگەی داوە بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسەکەدا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەیتوانیوە دۆخی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئێران پشتڕاست بکاتەوە، کە لە دوای بۆردومانەکانی حوزەیرانەوە نزیک بووەتەوە لە ئاستی پاکژیی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسەکە، ئێران خاوەنی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60%ـی، کە تەنیا هەنگاوێکی هونەریی کەم ماوە تا دەگاتە ئاستی خاوێنی چەکی ئەتۆمی (90%). لەبەرامبەردا، ئێران دووپاتیدەکاتەوە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت و بەرنامەکەی ئاشتیخوازانەیە.

ساڵی رابردوو، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا میکانیزمی گەڕانەوەی خۆکاری سزاکانیان (snapback) چالاک کرد، بەو هۆیەوە سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەشێوەیەکی خۆکار گەڕێنرانەوە. ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە رایانگەیاند، ئێران بە ئەنقەست دەستی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی 2015 هەڵگرتووە کە پێشتر ببووە هۆی هەڵگرتنی ئەو سزایانە. سزاکان قەدەخەکردنی گەشتکردن، قەدەخەی چەکی ئاسایی، سنووردارکردنی مووشەکی بالیستی، بەستنی دارایی و قەدەخەی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە چالاکییە ئەتۆمییەکان لەخۆ دەگرن.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەو لێدوانە فەرمییانەی پێشبینیی ئامادەبوونی ئیسلامییان نەکردبوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، ئیسلامی تاران بەجێهێشتووە بەرەو ڤیێنا تا بەشداریی کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات و لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی جیاواز کۆ ببێتەوە. ئیسلامی لەوەتەی لە ساڵی 2021 کراوەتە سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، هەمیشە بەشداریی کۆنفرانسە گشتییەکانی ئاژانسەکەی لە ڤیێنا کردووە و وتاری تێدا پێشکەش کردووە.

بڕیارە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا هەینی لە بارەگای ئاژانسەکە لە ڤیێنا کۆ ببنەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی گشتی. لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشداربووان بودجەی ئاژانسەکە تاوتوێ دەکەن و پەسەندی دەکەن، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن، لەوانەش گەرەنتییە ئەتۆمییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 
 
 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news