بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، شەوی شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، دەستگیرکردنی ئەمیرێکی گرووپی داعش لە خورماڵ رایگەیاند. دەستگیرکردنەکە کاتژمێر 23:20 خولەکی شەوی رابردوو، دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا روویدا.
لە ماوەی 96 کاتژمێری رابردوودا، بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنیان بەپێی ماددەی 2ـی تیرۆر بەڕێوەبرد.
لە ئۆپراسیۆنەکاندا، دوو مەفرەزەی چەکداری داعش لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی نهێنی ئەو گرووپە دەستگیرکران. ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە 22 کەس، کە سەرجەمیان کوردن.
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس، مامناوەند و بچووکدا گرت. هەروەها ژمارەیەک بۆمبی دەستی، دووربینی سەربازی و تەقەمەنی لە دەستگیرکراوەکان دۆزرایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گرووپە بەنیازبوون لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا چەند کردەیەکی تیرۆریستی بکەن.
سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. بەڵگە و زانیارییەکان لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و دادوەری لێکۆڵێنەوەدایە. ئۆپراسیۆنەکە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی کۆتایی هات.
دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختدەکاتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، سەرجەم دانپێدانان و بەڵگەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.




