بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، دوای ئەوەی کەشتییەکی بازرگانیی ئێران لە کەناراوەکانی دوورگەی قشم کرایە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران و پارێزگاری دوورگەی قشم بڵاویانکردەوە، هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە کراوەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نێوان هەردوو دوورگەی قشم و هەنگام. هاوکات، میدیاکانی ئێران باسیان لە بیستنی دەنگی دوو تەقینەوە کرد لە هەمان دوورگە، کە تاوەکو ئێستا هۆکارەکەیان نادیارە.
لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریان دا رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا دابخەن.
دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ جەنگی دژی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت، هەروەها جەختی کردەوە، واشنتن کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی (1/5)ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بووەتە خاڵی پێکدادانی یەکلاکەرەوە لەو دانوستانانەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو لا دەکرێن. دوای ئەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە کردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە تووشی ئاستەنگ بوون، واشنتن دیسانەوە دەستی بە بەکارهێنانی کارتی گوشاری ئابووری و سەپاندنی سزاکان کردووەتەوە.




