Skip to content
krd24.netkrd24.net

دانەر عەبدولغەفار: دەبێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجیی کرداری دەربهێنرێت

دانەر عەبدولغەفار: دەبێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجیی کرداری دەربهێنرێت
سیاسی
کوردستان باسی رۆژ شاندی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، وردەکاریی هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی لە بەغدا خستەروو و رایگەیاند، دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا بەپێی سەرژمێری بگاتە 14%، هاوکات جەختی کردەوە، پێویستە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە خانەی خەرجیی فیعلی دەربهێنرێت و لە کێشە سیاسییەکان بەدوور بێت.

شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق میوانی باسی رۆژی بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی کۆبووەتەوە، بڕیاریشە سبەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی یەکێتی، و رۆژی دووشەممەش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکە کۆببێتەوە، بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2027دا.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق بۆ یەکەمجار جۆرێکی نوێ لە یاسای بودجە لەسەر بنەمای ئامانج و ئەدا ئەزموون دەکات کە تێیدا چاودێریی بەدیهاتنی ئامانجەکان و خەرجییەکان دەکرێت، و قەبارەی بودجەکەش بە 160 بۆ 200 ترلیۆن دینار بە نرخی خەملێنراوی 50 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت دیاری دەکرێت. گوتیشی: بەپێی دەستوور و دوایین سەرژمێری، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14%یە، بۆیە داواکاریی هەرێم ئەوەیە کە 14% لە تەواوی داهاتی گشتیی دەوڵەت بۆ کوردستان دیاری بکرێت.

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە هەرێم لە رەشنووسەکەیدا پێشکەشی کردووە، دانەر عەبدولغەفار ڕوونی کردەوە کە ئەمە کۆی گشتیی ئەو شایستە یاساییانەیە کە لە ساڵی 2012ەوە خەرج نەکراون، لەوانە: دامەزراندنی یەکەمەکان، هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا، پزیشکەکان، گرێبەستەکان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، شایستەی هێزەکانی پێشمەرگە، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە هەموویان لە ژمارەیەکی دەستنیشانکراودا 29 تریلیۆن دینار وەک مافێکی دەستووری کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

لەبارەی پرسی مووچەوە، ئاماژەی دا کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا دەستکاریی مووچەی فەرمانبەران بکرێت یان تێکەڵ بە ناکۆکیی سیاسی بکرێت. گوتیشی: مووچەخۆرانی عێراق لە داهاتی گشتی مووچە وەردەگرن، بەڵام بۆ هەرێم خراوەتە ژێر خەرجیی کرداری، کە ئەمە ستەم و ناڕەواییە؛ بۆیە داواکاریی سەرەکی ئەوەیە مووچەی هەرێم لەو بڕگەیە دەربهێنرێت و وەک هەموو عێراق لە کاتی خۆیدا بدرێت.

سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نەوتی بۆ فرۆشتن و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی رادەست کردووە، بەڵام بۆردوومانەکان و دۆخی ناوچەکە ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزاندووە و بەغدا داوای ژمارەیەک دەکات کە کۆمپانیاکان لە توانایاندا نییە بەرهەمی بهێنن.

دەربارەی دەروازە سنوورییەکانیش، ئاشکرای کرد، هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا کردووە تاوەکو پشکنین بۆ هەموو دەروازەکان بکەن؛ ئەوەی شیاوە بە فەرمی بناسرێت و ئەوەشی مەرجی تێدا نییە دابخرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news