Skip to content
krd24.netkrd24.net

فراکسیۆنی سۆیانا بۆ خەزعەلی: رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری مەسیحییەکان نادەین

فراکسیۆنی سۆیانا بۆ خەزعەلی: رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری مەسیحییەکان نادەین
سیاسی
عێراق قەیس خەز عەلی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق فراکسیۆنی سۆیانا

فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، نیگەرانی و سەرسوڕمانی خۆی لە دووبارەبوونەوەی دەستوەردان لە کاروباری سیاسیی پێکهاتەی مەسیحی دەربڕی و بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقی دایەوە، هاوکات رەتیکردەوە هیچ لایەنێکی دەرەوەی پێکهاتەکە بتوانێت پێوەر بۆ نوێنەرایەتیکردنی مەسیحییەکان دابنێت.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە،، دەستوەردان لە کاروباری مەسیحییەکان بە لێدوانی سەرکردەکانی فراکسیۆنی سادیقوون دەستیپێکرد و دواتریش لە لێدوانەکانی قەیس خەزعەلیدا سەبارەت بەوەی ناوی ناوە مەسیحیی قوح (رەسەن) لە رووی سیاسییەوە رەنگی دایەوە، ئەمەش بەڵگەی هەبوونی کارنامەیەکی سیاسیی روونە نەک تەنیا بۆچوونێکی ئاسایی.

فراکسیۆنەکە جەختیکردووەتەوە، مەسیحییەکان پێویستیان بە بڕوانامەی هیچ لایەنێک نییە بۆ سەلماندنی رەسەنایەتی یان نوێنەرایەتیی سیاسییان، چونکە مەسیحیی راستەقینە ئەوانەن کە لەلایەن خودی مەسیحییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، نەک لەلایەن هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پێکهاتەکە دیاری بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەگەر پێوەری مەسیحیی رەسەن پەیوەستبوون بێت بە سەرکردایەتییەکی مەسیحی و دوورکەوتنەوە بێت لە هێزەکانی دەرەوەی پێکهاتەکە، ئەوا بەرگریکردنی ئێوە لە لایەنێکی دیاریکراوی مەسیحی و پۆلێنکردنی بەو شێوەیە بەرامبەر لایەنەکانی دیکە، ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە ئایا ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی پەیوەستبوونی ئەو لایەنە نییە بە سەرکردایەتییەکی سیاسیی ناسەربازییەوە؟ لەبەر ئەوە ئەم گوتارە دەستوەردانێکی راستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی مەسیحییەکان و خزمەت بە هاوبەشیی نیشتمانی ناکات".

فراکسیۆنی سۆیانا بە رووی ئەو هێزانە رادەوەستێت و رایدەگەیەنێت: ئەگەر بە راستی خوازیاری زانینی نوێنەری راستەقینەی مەسیحییەکانن، لە پەرلەمان پشتگیری لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دروستکردنی تۆمارێکی تایبەت بە دەنگدەرانی مەسیحی بکەن، بە جۆرێک کە دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتای مەسیحی تەنیا لەلایەن هاووڵاتییانی مەسیحی خۆیانەوە بێت، ئەو کاتە لە دوور لە پۆلێنکردنی دەرەکی، قەبارەی راستەقینەی هەمووان دەردەکەوێت.

سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش، فراکسیۆنەکە دووپاتیکردەوە کە ئەو وەزارەتە شایستەی فراکسیۆنی سوویانایە، چونکە خاوەنی سێ کورسییە لە کۆی پێنج کورسیی کۆتای مەسیحییەکان لە پەرلەمان، و پێویستە رێز لەم شایستەیە بگیرێت و رێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت کە بیەوێت پەراوێزی بخات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە رێز لە هاوبەشی و راوێژکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەگرین، بەڵام وەسایەت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی پێکهاتەکەمان رەتدەکەینەوە، بڕیاری مەسیحییەکان تەنیا بۆ مەسیحییەکانە و شایستەکانیشیان مایەی سازش و پۆلێنکردن نییە".

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news