Skip to content
krd24.netkrd24.net

تەسنیم: ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز حەوت مەرجی بۆ ئەمریکا داناوە

تەسنیم: ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز حەوت مەرجی بۆ ئەمریکا داناوە
سیاسی
ئێران

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی ئاشکرای کرد، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وڵاتی عومان لەسەر گەرووی هورمز کراوە بە هیچ جۆرێک بە مانای کردنەوەی گەرووەکە نایەت، و جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا حەوت مەرجی سەرەکیی ئێران جێبەجێ دەکات.

شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، دوای چەندین گەڕی گفتوگۆی چڕی دیپلۆماسی و تەکنیکی، تاران و مەسقەت لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی رێڕەوی نوێی چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووی هورمزدا.

گوتیشی: بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و عێراق ناوەڕۆکەکەی ڕابگەیەندرێت، بەڵام ئەو وڵاتانە تەنیا بۆ ئاگاداربوون لە نەخشەی رێڕەوەکە بەشدار دەبن و بڕیارەکان تەنیا لە نێوان تاران و مەسقەتدا یەکلا کراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، سەرجەم رێڕەوی چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بۆ ناو کەنداو، لەگەڵ بەشێک لە رێڕەوی دەرچوونیان، بە تەواوی دەکەونە ناو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئێران؛ هاتوچۆی کەشتییەکان لە ژێر چاودێری و بەپێی رێکار و پڕۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت هەروەها ئەو رێڕەوە باشوورییەی کە پێشتر ئەمریکا پێداگری لەسەر کردنەوەی دەکرد و ببووە هۆی دروستبوونی گرژی، بە تەواوی دادەخرێت.

ئەو سەرچاوەیە هۆشداریی دا کە ئەم رێککەوتنە بە مانای دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووەکە نایەت، بەڵکو ئێران لە رێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە حەوت مەرجی رادەستی لایەنی ئەمریکی کردووە کە لە لایەن باڵاترین دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کراون.

جەختیشی کردووەتەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە، و بڕیاری کردنەوەی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە هەڵوێست و هەنگاوەکانی واشنتن سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو حەوت مەرجەی ئێران.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news