Skip to content
krd24.netkrd24.net

قەتەر: پێوسیتە ئێران رێز لە ئازادیی دەریاوانی بگرێت

قەتەر: پێوسیتە ئێران رێز لە ئازادیی دەریاوانی بگرێت
سیاسی
جیهان کەشتییە بازرگانییەکان گەرووی هورمز قەتەر و ئێران

قەتەر داوای لە ئێران کرد رێز لە ئازادیی هاتوچۆی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز بگرێت و بە خێرایی کۆتایی بە هەر کردەوە یان هەڕەشەیەک بهێنێت پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، جاسم حەمادی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارێکدا لە خولی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤیێنا ئەو داوایەی ئاراستەی تاران کرد، بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، گوتارەکەی حەمادی لە چوارچێوەی بڕگەی بابەتە نوێیەکان سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و دۆخی فەلەستین پێشکەش کراوە.

حەمادی جەختیکردەوە، رێزگرتن لە ئازادیی هاتوچۆی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز، بنەمایەکی چەسپاوی یاسای نێودەوڵەتییە، هاوکات هۆشداری دا کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە تەنیا سنووردار نییە بە وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو کاریگەرییەکانی بۆ سەر سیستەمی وزە، بازرگانی، گواستنەوەی دەریایی، زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و بەگشتی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی درێژ دەبێتەوە.

بە گوتەی حەمادی، چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، ئەم هەڵوێستەی قەتەر لە کاتێکدایە ناوچەکە بەهۆی بەردەوامیی پەککەوتنی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە لە شوباتی رابردووەوە، دووچاری گرژی بووەتەوە. هاوکات جووڵەکانی حووسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەب، کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر دەریای سوور و کەناڵی سوێزی میسر دروست کردووە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، حەمادی سەرکۆنەی وڵاتەکەی بۆ هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکان لە سعوودیە دەربڕی. ئەو نیگەرانیی خۆی نیشان دا سەبارەت بە بەردەوامبوونیان لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ئاسایش و سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی خستووەتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، نوێنەری قەتەر جەختیکردەوە، رەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، مافی گەلی فەلەستین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ پێشێل دەکات. حەمادی روونیکردەوە، ئەم دۆخە پشت بەو باوەڕەی ئیسرائیل دەبەستێت لە سزا رزگاری دەبێت.

حەمادی جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی کردەییەوە، ئەو باوەڕەی ئیسرائیل بگۆڕێت. بە بڕوای ئەو، گرتنەبەری رێوشوێنی جدی کۆتایی بە کردەوەکان دەهێنێت و گەلی فەلەستین مافی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووس بەدەستدەهێنێت. ئەو جەختیکردەوە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا، ئامانجی دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دێت و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان فەراهەم دەبێت.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news