Skip to content
krd24.netkrd24.net

ستیڤ فەیگن: بە بەهای 60 ملیار دۆلار رێککەوتن لە نێوان عێراق و ئەمریکا واژۆ کراوە

ستیڤ فەیگن: بە بەهای 60 ملیار دۆلار رێککەوتن لە نێوان عێراق و ئەمریکا واژۆ کراوە
سیاسی
عێراق

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن ئاسۆیەکی نوێی بۆ هاوبەشیی ئابووری کردووەتەوە؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە بە بەهای 60 ملیار دۆلار رێککەوتن لە کەرتەکانی وزە، تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و دارایی واژۆ کراون و دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پەیوەندییەکان ئاراستەی هاوبەشییەکی بەرهەمدار بپەڕێنێتەوە.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەی هاوینی رابردووی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لەسەر خواستی گەلی عێراق بوو بۆ بنیاتنانی عێراقێکی خاوەن سەروەری و سەقامگیر و ئاسۆیەکی نوێی بۆ هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

جەختیشی کردەوە کە "ئەمڕۆ چیتر وەک ڕابردوو لە عێراق ناڕوانرێت، بەڵکو بووەتە وڵاتێک کە پڕە لە دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان و پێشکەوتن".

دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکە روونی کردەوە، لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ واشنتن، چەندین رێککەوتننامەی گرنگ لە کەرتەکانی وزە، چاودێریی تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و کەرتی داراییدا بە بەهای گشتیی 60 ملیار دۆلار واژۆ کراون.

فەیگن ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکان بەرەو هاوبەشییەکی بەرهەمدار لەگەڵ گەلی عێراقدا ببات کە لەسەر بنەمای دەستکەوتی بەرجەستە و کرداری بێت.

هاوکات گوتی ئامانجی سەرەکیی ئەو لە بەغدا فراوانکردنی دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکان دەبێت، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەلانی عێراق و ئەمریکا بگەیەنێت.

هاوکات ستیڤ فەیگن، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ بەغدا دەربڕی و گوتی: عێراق بۆ من تەنیا ئەرکێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو شوێنێکە کە پەیوەندییەکی قووڵ و بەردەوامم تێیدا بونیات ناوە.

فەیگن پێشینەی کارکردنی خۆی لە عێراق وەبیرهێنایەوە، لەوانە کارکردنی وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی لە بەغدا، و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە لە ساڵی رابردوودا؛ هاوکات رێزی زۆری بۆ میواندۆستی، گەرموگوڕی و خۆڕاگریی گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

سەبارەت بە کارە لەپێشینەکانی لە پۆستە نوێیەکەیدا، ستیڤن فەیگن رایگەیاند، سەرنجی سەرەکی لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان بە جۆرێک کە سوود بە هاووڵاتییانی عێراق و ئەمریکا بگەیەنێت، پشتیوانیکردن لە سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێت.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news