رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی ئاوارەبوون لە یەمەن بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ لە کەناراوەکانی رۆژئاوا، و رایگەیاند لە مانگی تەممووزەوە تا ئێستا لانی کەم 76 هەزار کەس لە ماڵەکانیان هەڵاتوون بەبێ ئەوەی هیچ پەناگەیەکی سەلامەتیان هەبێت.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، بەهۆی توندبوونەوەی پێکدادانە سەربازییەکان، ژمارەی ئاوارەکان تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێکدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە 46 هەزارەوە گەیشتووەتە 76 هەزار کەس، کە ئەمەش چوار هێندەی هەفتەی پێشووە.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، خێزانەکان بە ناچاری و زۆربەی کات لە شەودا لە ترسی بۆردوومان هەڵدێن و هیچ شوێنێکی سەلامەتیان دەستناکەوێت.
راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، شەڕ و پێکدادانەکان بە درێژایی کەناراوەکانی رۆژئاوا و باشووری پارێزگای تەعیز چڕ بوونەتەوە و لە پارێزگای تەعیز، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی 50 هەزار کەس (8,300 خێزان) لە چەندین ناوچە هەڵاتوون؛ لە پارێزگای لەحج، نزیکەی 17 هەزار کەس (2,819 خێزان) ئاوارە بوون؛ پارێزگای حودەیدە، زیاتر لە 8,100 کەس (1,374 خێزان) لە ناوچە کەناراوەییەکان هەڵاتوون و لە پارێزگای عەدەن، زیاتر لە 1,100 کەس (191 خێزان) ئاوارە بوون.
ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی (IOM) رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەم خێزانانە بەهۆی درێژەکێشانی ململانێکانی 12 ساڵی رابردووی یەمەنەوە، ئەمە دووەم یان سێیەم جارە ئاوارە دەبنەوە. ئاماژەی دا، زۆربەی ئەو خەڵکە تەنیا بەو جلانەی لەبەریاندایە رایانکردووە و هەموو ماڵ و دارایی و بژێویی ژیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەیراپۆرتەکە، پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی و داخرانی رێگەوبانەکان بەهۆی شەڕەوە، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی زۆر قورس کردووە. هەرچەندە تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی دابەشکردنی کەرەستەی سەرەتایی وەک چادر و پێداویستیی پاکوخاوێنین، بەڵام رێکخراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، پێداویستیی خەڵک زۆر زیاترە لەو توانایەی کە لەبەردەستدایە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ هۆشداری دا، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی ئاوارەکان زیاتر دەبێت، و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە هاوکارییە دارایی و مرۆییەکان بۆ یەمەن زیاد بکەن تاوەکو رێگری لە کارەساتی گەورەتر بکرێت.




