Skip to content
krd24.netkrd24.net

زێلێنسکی: ئامادەمە لە G20 لەگەڵ پووتین کۆببمەوە

زێلێنسکی: ئامادەمە لە G20 لەگەڵ پووتین کۆببمەوە
سیاسی
جیهان

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئامادەیە لە میانی لووتکەی وڵاتانی G20 لە شاری مایامیی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە بە مەبەستی راگرتنی جەنگ، بەڵام کۆشکی کرێملن رایگەیاند هێشتا بڕیاری بەشداریکردنی پووتین لەو لووتکەیە نەدراوە و داوا دەکات زێلێنسکی بۆ گفتوگۆ سەردانی مۆسکۆ بکات.

شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاشکرای کرد کە ئەگەر بانگهێشت بکرێن، ئامادەیە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی 20 لە 14 و 15ـی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە شاری مایامی لەگەڵ پووتین کۆببێتەوە.

گوتیشی: "پێویستە بێین، کۆببینەوە، قسە بکەین و بڕیار بدەین؛ گرنگ نییە من چی بە ئەو دەڵێم یان ئەو چی بە من دەڵێت، بەڵکو تەنیا ئەنجامەکان گرنگن". ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئۆکرانیا لە مەیدانی جەنگدا زۆر لە ساڵی رابردوو بەهێزترە و پێگەیەکی باشی بۆ دانوستاندن هەیە.

لە بەرامبەردا، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، هێشتا نازانن ئایا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەشت بۆ مایامی دەکات یان نا، و مەرجەکەی پێشووی پووتینی دووپاتکردەوە و گوتی: "ئەگەر زێلێنسکی بە راستی دەیەوێت چاوی بە پووتین بکەوێت، دەتوانێت بە فڕۆکە بێتە مۆسکۆ". هاوکات مۆسکۆ دەڵێت هێشتا زووە باس لە دیاریکردنی شوێن و کاتی دانوستاندنەکان بکرێت.

ئەم هەوڵە نوێیە لە کاتێکدایە کە واشنتن کار بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ وەستاوەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات؛ لەم چوارچێوەیەدا هەفتەی رابردوو ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر وەک نوێنەری ئەمریکا سەردانی مۆسکۆ و کیێڤیان کردووە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، و بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم مانگەدا زێلێنسکی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، زێلێنسکی داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی زیاتریان پێبدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا؛ روونی کردەوە، ناردنی مووشەکی سیستەمی "پاتریۆت"لە لایەن ئەمریکاوە کەمی کردووە، چونکە واشنتن ژمارەیەکی زۆر لەو مووشەکانەی لە جەنگەکەی خۆیدا دژ بە ئێران بەکارهێناوە؛ هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە هاوکاریی سەربازیی زیاتری ئۆکرانیا بکەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news