Skip to content
krd24.netkrd24.net

شاخەوان عەبدوڵڵا: هەولێر و بەغدا هێشتا لەسەر پشکی 14% رێکنەکەوتوون

شاخەوان عەبدوڵڵا: هەولێر و بەغدا هێشتا لەسەر پشکی 14% رێکنەکەوتوون
سیاسی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی شاخەوان عەبدوڵڵا لە پیرمام
کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی شاخەوان عەبدوڵڵا لە پیرمام
کوردستان پیرمام فراکسیۆنی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان شاندی دانوستانکاری حکوومەت

 دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی  و شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کێشەی مووچە بەرەو چارەسەر دەچێت و داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی راستەقینە دەربهێنرێت.

کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژنامەنووسان خستەڕوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران. گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، چ لە رووی رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چ لە پرسی وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆران، بۆیە لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ بەغدا نەماوەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دوا بخات و کێشەکە بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، باسی لەوە کرد، هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی پرسی بژێویی ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە. ئاماژەی بەوە دا، "شاندی دانوستانکار بە داتا و ژمارە هەموو راستییەکانی خستووەتە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆسەی بایۆمەتری و بەبانکیکردنی مووچە قۆناخێکی زۆر باشی بڕیوە، ئەمەش وای کردووە متمانەیەکی زیاتر لە نێوان هەردوو حکوومەتدا دروست ببێت."

سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەی خستەڕوو، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و فراکسیۆنی پارتیش پشتیوانیی تەواوی داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

 گوتیشی، "شاندی حکوومەت لە گفتوگۆکانیدا داوای کردووە مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێم لە خەرجیی راستەقینە (ئینفاق فیعلی) دەربهێنرێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت."

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرای کرد، هێشتا هەولێر و بەغدا لەسەر جێگیرکردنی رێژەی 14% رێکنەکەوتوون و گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، لەبەر ئەوەی بابەتی مووچە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو تاکێکی کوردستانەوە هەیە و نابێت بکرێتە کەرەستەی ململانێی حزبی.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news