Skip to content
krd24.netkrd24.net

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر سعوودیە

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر سعوودیە
سیاسی
عێراق مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە هەستیارەکانی سعوودیە ئاراستەی کراون. هاوکات ئەو گرووپە سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵوێستی حکوومەتی عێراق دەربڕی لە پەلەکردن بۆ باوەڕهێنان بەو دەنگۆیانە.

ئەمرۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، مقاوەمەی ئیسلامی لە بەشێکی راگەیەندراوەکەیدا، وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەرکەوتنە مەیدانییەکانی گەلی یەمەن، سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سعوودیە لە هەینیی رابردوو رایگەیاند "ئەم تۆمەتانە شەرەفێکن کە ئێمە بانگەشەی بۆ ناکەین و لە ئەستۆی ناگرین".

ئەو گرووپە رەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و روونیکردەوە "سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین لە پەلەکردنی حکوومەتی عێراق لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم بانگەشانە، بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو یان لێکۆڵینەوەیەکی ورد ببەستێت".

لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەوەشکردەوە، دووبارەبوونەوەی سیاسەتی تۆمەتبەخشینەوە و بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان، هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ داپۆشینی ئەو زیان و شکستانەی لەلایەن گەلی یەمەنەوە بەر هێزەکانی سعوودیە کەوتوون.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە پاڵپشتیکردنی گەلی یەمەن کردەوە و هۆشداری دا لە پەلکێشبوون بۆ نێو پیلانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە ئامانجیان تێوەگلاندنی عێراقە لە قەیرانێک تەنیا لە بەرژەوەندیی نەیاراندایە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەو گرووپە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەر لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکوومیدا دەربڕی، بە مەبەستی دەرکەوتنی راستییەکان لەبری بەدواکەوتنی گێڕانەوە و دەنگۆ گوماناوییەکان.

دوێنێ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئاشکرایکرد، ئەو هێرشانەی کرانە سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا بە درۆن کراون و لە ناو خاکی عێراقەوە سەرچاوەیان گرتووە، روونیشیکردەوە، بە داوای بەغدا وەڵامدانەوەی سەربازیی هێرشەکان دواخراوە.

هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە دەستی پێکردووە تا رێگە نەدرێت خاکی وڵاتەکەیان بۆ پەلاماردانی دراوسێکان بەکاربهێنرێت.

 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news