Skip to content
krd24.netkrd24.net

پیاوێکی کورد بە جلی کوردییەوە یەکەم کتێبخانەی کوردی لە بەغدا کردەوە

پیاوێکی کورد بە جلی کوردییەوە یەکەم کتێبخانەی کوردی لە بەغدا کردەوە
گشتی
عێراق کتێبخانەی کوردی بەغدا

لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا و لە نێو جەرگەی شەقامی موتەنەبی لە بەغدا، یەکەمین کتێبخانەی کوردی بە ناوی "کتێبخانەی نەورۆز"کرایەوە، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی کولتووری کوردی و دابینکردنی سەرچاوەیە بۆ خوێنەران و کوردانی پایتەخت.

لە نێو گەڕەکێکی شەقامی موتەنەبی لە بەغدا و لە تەنیشت دەیان کتێبخانەی عەرەبی، بۆ یەکەمین جار پیاوێکی کورد بە جلی کوردییەوە کتێبخانەیەکی بە زمانی کوردی کردەوە. کتێبخانەی نەورۆز، ناوی یەکەمین کتێبخانەی کوردییە لە بەغدا کە دەیان پەرتووکی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لەسەر مێژوو، شۆڕش، فەرهەنگ، زمان و کولتووری کوردی تێدا نمایش کراوە.

حوسێن قولیخان، خاوەنی کتێبخانەکە، لەبارەی بیرۆکەی کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە بەـی راگەیاند، "لە بەغدا هیچ کتێبخانە و سەرچاوەیەکی کوردی نەبوو، بۆیە ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات. پەرتووکەکانم لە کوردستانەوە هێناوە، داواش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم هاوکاریمان بکات و پەرتووکمان بۆ دابین بکات، چونکە ئەمە بۆ نەتەوەی کورد لە بەغدا زۆر پێویستە."

کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە بووەتە جێی دڵخۆشی بۆ کوردانی دانیشتووی بەغدا، بەتایبەتی کوردانی فەیلی. فەرهاد زەنگەنە، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵێت: "گرنگترین کارە کە ئەم کتێبخانەیە لە شەقامی موتەنەبی کراوەتەوە، چونکە هەمووی پەرتووکی عەرەبییە و بۆ ئێمەی کورد هیچ سەرچاوەیەک نەبوو. راستە ئێستا شوێنەکە بچووکە، بەڵام دەستپێکە بۆ پڕۆژەیەکی گەورەتر."
 لە هەمان کاتدا موئەید کۆچەر کە هاووڵاتییەکی دیکەیە، جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە بۆ ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی بە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق.

لای خۆیەوە جەواد مەلیک کە رۆژنامەنووسێکی عێراقییە، کردنەوەی ئەم کتێبخانەیەی بە گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند، "ئەمەێکی زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی، بەتایبەتی بۆ کوردانی بەغدا. دەزانیت سیاسەتی رژێمەکانی پێشوو دژی کولتوور و رۆشنبیریی کوردی بوو، بۆیە کردنەوەی شوێنێکی وا بۆ ئاشنابوون بەو کولتوورە زۆر پێویستە." 

 هەرچەندە کتێبخانەکە شوێنێکی بچووکە، بەڵام پڕۆژەیەکی گەورەیە و هیوایەک هەیە لە داهاتوودا ببێتە گەورەترین سەرچاوەی کوردی لەم شەقامەدا.

شەقامی موتەنەبی لە بەغدا، بە دڵی رۆشنبیری و کولتووریی پایتەختی عێراق دادەنرێت. ئەم شەقامە مێژووییە سەدان ساڵە مەڵبەندی نووسەران، رووناکبیران و کتێبفرۆشانە و هەموو رۆژانی هەینی دەبێتە جێگەی کۆبوونەوەی هەزاران خوێنەر لە سەرانسەری عێراقەوە. سەرەڕای ئەم مێژووە دەوڵەمەندە، بە درێژایی دەیان ساڵ، ئامادەیی پەرتووک و سەرچاوەی کوردی لەم شەقامەدا زۆر دەگمەن بووە یان هەر نەبووە.

لە شاری بەغدا سەدان هەزار کورد دەژین، کە بەشێکی زۆریان کوردانی فەیلین. ئەم پێکهاتەیە لە سەردەمی رژێمەکانی پێشووی عێراقدا رووبەڕووی راگواستن، لەسێدارەدان و سڕینەوەی ناسنامە بوونەتەوە و رێگەیان پێنەدراوە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن یان ناوەندی رۆشنبیرییان هەبێت.

 
 
دیلان بارزان ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news