Skip to content
krd24.netkrd24.net

بۆ یەکەمجار ئافرەتێک بووەتە خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە

بۆ یەکەمجار ئافرەتێک بووەتە خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە
ئابووری
کوردستان سۆران

لە سۆران، ئافرەتێک بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنێت و دەچێتە ناو بواری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی کە پێشتر تەنیا تایبەت بوو بە پیاوان. ئەو ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی نووسینگەیەکی عەقارات بەڕێوە دەبەن و هەوڵ دەدەن ئافرەتانی دیکەیش ئاشنای ئەم بوارە بکەن. 

 هەم هاوژینیەتی هەمیش راوێژکار، لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارە پڕە لە کێبڕکێ و تەنیا شوێنی کارکردنی پیاوان بووە، بەڵام مژدە قادر وەک ئافرەتێک توانیویەتی خۆی بخاتە ناو ئەم کیبڕکێەوە و لەگەڵ هاوژینەکەی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی بەڕێوە دەبەن.

چەند ساڵێکە ئارەزووم بوو بێمە ناو بزنسی عەقارات، کە سەیرم دەکرد هیچ ئافرەتێک نەیتوانیوە بێتە ناو ئەم بوارە، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا، بۆ نموونە تا ڕادەیەک شاری سۆران نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئافرەت بتوانێت هەموو ئیشێکی تێدا بکات، وە حەزم کرد ئەو بەربەستەی بشکێنم، من وەکوو رای خۆم، هیچ ئیشێک پەیوەندیی بە رەگەزەوە نییە، تەنیا پەیوەندی بە بڕیاردانی خۆتە.

ناوەندیی ئافرەتانی سۆرانیش هەوڵ دەدات ژمارەیەکی زیاتری ئافرەتان بەم بوارە ئاشنا بکات و هەلیان بۆ بڕەخسێنێت بە ئامانجی فراوانکردنی بەشداری زیاتریان لە بازاڕی کار و ئەم مەبەستەش مژدە و هاوژینەکەی سمینارەکە بەڕێوەدەبەن.

ئەمەیان دەرفەتێکی زۆر گرنگە کە وا لە ئافرەتانی ئەم دەڤەرە دەکات زیاتر بەرەو پێشچوون بێت و وە هەروەها دەرفەتێکی باشە بۆ شارەزابوون لە بواری بزنس وە هەروەها بازرگانی لە بواری خانوو و زەویدا وە هەروەها من وەکو فێرخوازێک ئەمڕۆ دەمەوێت لە بواری بزنس خۆم بەرەو پێش ببەم لە بواری عەقارات چونکە بواری عەقارات وەکو ئەوەی چۆن دەزانن زیاتر پیاوان تێیدا بەشدارن و هەروەها دیارن.

ئەو بازاڕانەی پێشتر تەنیا ناوی پیاوانی لەخۆگرتبوو، ئێستا رۆڵی ئافرەتانی بە شێوەیەکی کارا و زیاتر تێدا دەبیندرێت. شکاندنی بەربەستە باوەکان تەنیا چیرۆکی سەرکەوتنی ئافرەتێک نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناخێکی نوێیە کە خانمان بەشێکی سەرەکی دەبن لە گەشەپێدانی بازاڕ و ئابووری و کارە جیاوازەکان.

 
 
بەکر سلێمان ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news