حەوت زیندانی لە گرتووخانەی ئاسایشی ناوخۆی کۆبانێ لە دژی بڕیاری گواستنەوەیان بۆ حەلەب، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و سەرەڕای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری لە کۆبانێ، ژمارەی گیانلەدەستدانی زیندانییەکان گەیشتووەتە 9 کەس و 10 کەسی دیکەش لە زینداندا بریندارن.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ماجید عومەر، کە وەک بەرپرسی ئەمنیی کۆبانێ دەناسرێت، لە رێگەی قسەی رەگەزپەرستانەوە زیندانییەکانی ورووژاندووە. ئامانجی ئەو هەنگاوە هاندانی زیندانییەکان بووە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی، تا پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی لە کۆبانێ بهێنرێتەوە.
هەوڵەکەی ماجید عومەر شکستی هێنا و بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ حەلەب دەرکرا. زیندانییەکان و ئەندامانی ئاسایش بە توندی رەتیانکردەوە ئەو رێکارە جێبەجێبکرێت، چونکە نیگەرانی ئەوەیان هەبوو گواستنەوەیان بۆ حەلەب ببێتە هۆی ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی خراپ لەگەڵیاندا.
لەکاتێکدا ئەو بەرپرسە و ئەندامانی هێزەکەی پێداگرییان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووە، زیندانییەکان ئاگریان لە خۆیان بەرداوە. هاوکات چەند شایەتحاڵێک بڵاویانکردەوە، ئاسایشی ناوخۆ بۆ هێورکردنەوەی دۆخی کۆبانێ بڕیاریداوە سەرجەم راگیراوان ئازادبکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ تەرمی شەرڤانێک بە ناوی سامی شێخمووس لە حەسەکە دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو. ئەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی رۆژئاڤا لێکەوتەوە.
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە رێنمایی داوەتە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری، بەپەلە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و تاوانباران دەستگیربکەن تا لە دادگا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەبووەتە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە.
ئاگرلەخۆبەردانی ئەو زیندانییانەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی رۆژئاڤا و ناوچە کوردنشینەکان دەکەن.




