Skip to content
krd24.netkrd24.net

وۆڵ ستریت جورناڵ: تاران لە رێگەی چینەوە بنکەیەکی ئەمریکای بە ئامانج گرتووە

وۆڵ ستریت جورناڵ: تاران لە رێگەی چینەوە بنکەیەکی ئەمریکای بە ئامانج گرتووە
سیاسی
جیهان

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ بڵاویکردەوە، ئێران پێش ئەو هێرشەی تەممووزی رابردوو کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران، لە رێگەی لایەنێکی چینییەوە وێنەی مانگی دەستکردی کوالێتی بەرز بۆ بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن بەدەستهێناوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەکە پشت بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی دەبەستێت کە لە وردەکارییەکانیەکە ئاگادارن. ئەو بەرپرسانە روونیکردەوە، تاران پێش هێرشەکە وێنەکانی بەدەستهێناوە.

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایان نەکرد ئەو لایەنە چینییە کێیە کە وێنەکانیان بە ئێران فرۆشتووە، هاوکات حکوومەتی چینیان بە تێوەگلانی راستەوخۆ لەو کردەوەیە تۆمەتبار نەکرد. راپۆرتەکە دەریدەخات بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان لەسەر جیاوازیکردن کردووەتەوە لەنێوان دەستکەوتنی وێنەکان لە لایەنە چینییەکان و تۆمەتبارکردنی فەرمیی بەیژینگ بە بەشداریکردن لە پلاندانان یان جێبەجێکردنی هێرشەکە.

رۆیتەرز رایگەیاند، نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ راستیی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەکە پشتڕاست بکاتەوە. لە راپۆرتەکەدا روون نەکراوەتەوە تاران بە دیاریکراوی کەی وێنەکانی بەدەستهێناوە یان چۆن لە ئامادەکارییەکانی هێرشەکەدا بەکاری هێناون، هەروەها روون نییە ئایا ئەو لایەنانەی وێنەکانیان دابین کردووە حکوومی بوون یان بازرگانی.

گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران روو لە زیادبوونە، لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ و هێرشە یەکبەدوایەکەکانی نێوانیان و فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

ئەم راپۆرتە رەنگە دەرگایەکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی وێنەی مانگە دەستکردە بازرگانییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە چینییەکان و ئێران بکاتەوە، بەتایبەت کاتێک زانیارییەکان پەیوەست بن بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا یان ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تێیدا بڵاوبوونەتەوە. تا ئێستا لایەنی ئێرانی یان چینی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە نەداوە.

 
 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news