سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دەروازەی سنووریی شەلامچە لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی کاتی داخراوە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارە ئاشکرا بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەکە راشیگەیاند: "تێبینی و رێنمایی لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچووە بۆ داخستنی دەروازەکە و دەرکردنی فەرمانبەران و کرێکاران لەوێ."
تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی هۆکارەکانی داخستنەکە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان پێیان وایە ئەو بڕیارە رێکارێکی خۆپارێزییە بەهۆی ترس لەوەی ناوچەکە رووبەڕووی هێرشێکی ئەگەری ببێتەوە. دەروازەی شەلەمچە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی پارێزگای بەسرە و یەکێکە لە دیارترین دەروازە وشکانییەکان کە عێراق بە ئێران دەبەستێتەوە.
داخستنی دەروازەکە پاش ئەوە دێت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فەرمانیدا بە لادانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان لە پۆستەکەی و پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، ئەمەش پاش سەلماندنی ئەوەی ئەو هێرشانەی سعوودیەیان کردووەتە ئامانج، لە یەکێک لە پێگەکانی ناو ئەو پارێزگایەوە ئەنجام دراون.
سعوودیە پێشتر رایگەیاندبوو، بۆریی نەوتی خۆرهەڵات–خۆرئاوا لە ناوچەکانی ریاز و مەدینەی منەوەرە، رووبەڕووی هێرشی درۆن بووەتەوە کە لە عێراقەوە هاتوون، هێرشەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی مرۆیی و زیانی ماددی. ریاز جەختیشی کردەوە، بە داوای حکوومەتی عێراق لەم قۆناخەدا بڕیاریداوە وەڵام نەداتەوە، لەگەڵ پاراستنی مافی خۆی بۆ بەرگریکردن لە خاک و دامەزراوەکانی.
کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوو، هێزەکانی سعوودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان لە حەوت پارێزگای عێراق، لەوانەش بەسرە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی بە درۆن کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناو شانشینی سعوودیە.




