دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا ئومێدێکی زۆری لەسەر یاریگای کامپ نوی نوێ هەڵچنیوە، بەوەی ببێتە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ یانەکە. بارسێلۆنا ئومێدەوارە بەفرۆشتنی نزیکەی دوو هەزار کورسیی تایبەتی یاریگاکە، نزیکەی 700 ملیۆن یۆرۆ بەدەست بهێنێت.
یانەی بارسێلۆنا کورسییەکانی ڤی ئای پی یاریگاکە، بەگرێبەستی درێژخایەنی 15 تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو دەفرۆشێت، بەمەرجی پارەدانی پێشەکیی کڕیارەکان. بارسا پێیوایە لەماوەی دوو ساڵ و نیوی داهاتوودا، سەرجەمی ئەو کورسییانە دەفرۆشێت و بەوەش پارەیەکی زۆر دێتە نێو خەزێنەی یانەکەوە.
یانەی بارسێلۆنا دەڵێ، داهاتە چاوەڕوانکراوەکانی فرۆشتنی کورسییەکان، بەدرێژایی ماوەی گرێبەستەکان دێنە ناو خەزێنەی یانەکەوە و بەوەش یاریگاکە لە پاش پڕۆسەیەکی گەورەی نۆژەنکردنەوە، دەبێتە سەرچاوەی داهاتێکی گەورە، کە داهاتەکانی یانەکە بەرەو سەر دەبات.
بارسێلۆنا دوو ساڵ لەمەوپێش، گرێبەستی فرۆشتنەوەی 475 کورسیی ڤی ئای پی یانەکەی ئەنجامدا، کە گرێبەستی فرۆشتنەکان بۆ ماوەی 30 ساڵن و لە بەرامبەردا، یانەکە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێنا.
بارسا دووپاتیکردووەتەوە لە فرۆشتنی ئەمجارەدا، بازاڕگەری بۆ فرۆشتنی 5 هەزار کورسی کردووە، کە داهاتەکەیان لە 380 ملیۆن یۆرۆ تێدەپەڕێت، لەگەڵ جیاوازیی ماوەی فرۆشتنەکە.
ئەو هەنگاوە، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی یانەکە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات، بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەکە هەوڵدەدات بڕی 510 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ پارەدارکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دابین بکات، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی پڕۆژەکە و کەمبوونەوەی داهاتەکانی پەیوەست بەنۆژەنکردنەوەی یاریگاکە.
پێشبینیکراوە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە لە وەرزی 2028 - 2029 تەواو ببێت.




