Skip to content
krd24.netkrd24.net

نهێنی نوێ لەسەر ئاستە خراپەکەی ڤینیسیۆس ئاشکرا بوو

نهێنی نوێ لەسەر ئاستە خراپەکەی ڤینیسیۆس ئاشکرا بوو

دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی ئیسپانیا، نهێنی نوێی لەبارەی دابەزینی ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید ئاشكراکردووە.

'کادینا سێر' دەڵێ، کێشەکانی ڤینیسیۆس لەگەڵ یانەکە، بۆ هاوینی ئەمساڵ دەگەڕێنەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە، هیچی لە دۆخی یاریزانەکە نەگۆڕیوە.

بەپێی ئەوەی میدیای ئیسپانیا باسیدەکەن، لە دوای شکستی دێربیی مەدریدەوە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر، کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی تیپەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و هەلی سێ هەفتە راوەستانی پاڵەوانێتییەکانی یانەکە، بەهۆی فیفا دەیەوە، کاتێکی باش دەبێت بۆ مۆرینیۆ.

ڤینیسیۆس لەسەرەتای وەرزەوە ئاستێکی باش پێشکەش ناکات، ئەو یاریزانە بووەتە دیارترین یاریزانی پێکهاتەکە کە رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان و هاندەرانی یانەکە بووەتەوە.

راپۆرتەکە دەڵێ، "هاوڕێکانی ڤینیسیۆس لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا، رۆیشتنی ئەویان بەلاوە ئاسایی بووە و پێیانوابووە ئەو یاریزانە دەڕوات.

هەروەها دەڵێ، "بەپێی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەکە، کێشەی ئەو یاریزانە بۆ هاوینی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی یاریزانانی یانەکە پێیانوابوو ئەو دەڕوات".

زیاتر دەڵێ، "دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەباشی بەڕێوەنەدەچوون، لە ئینگلتەرا ویستیان ئەو بکەنە رووکەشی پرێمەرلیگ و لەپاڵ هالاندی دابنێن، هەر بۆیە هاوڕێکانی پێشبینی رۆیشتنی ئەویان دەکرد".

وەک ئەو سەرچاوە ئاشکرایکردووە، یاریزانانی ریال مەدرید پێیانوایە ڤینی چیدی مێشکی لە یانەکەی ئێستای نەماوە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێستا هاندەرانی یانەکە، هێندەی پێشوو، ئەویان خۆشناوێت.

لە نێو میدیای ئیسپانیا و لە دوای شکستەکەی دێربی، دەنگێکی زۆر داوای دانیشاندنی ڤینسیۆس لەسەر کورسی یەدەگ دەکەن، 'کادینا سێر' پێشبینیدەکات لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ریال مەدرید، ئەوە رووبدات و مۆرینیۆ لە پلانی چاکسازییەکەی خۆیدا، ئەو یاریزانە بخاتە سەر کورسی یەدەگ، لەپێناو نەهێشتنی ئەو کەموکورتییانەی تیپەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

لە دوای کۆتایی هاتنی گەڕی ئەمجارەی فیفا دەی، ریال مەدرید زنجیرەیەک یاریی قورس و چارەنووسساز ئەنجامدەدات، مۆرینیۆ ناچار دەبێت هانا بۆ هەموو شتێک ببات، لەپێناو رزگارکردنی تیپەکە لەو گێژاوەی تێی کەوتووە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news