Skip to content
krd24.netkrd24.net

ماکالیلی: ناوبژیوان مەکەن بەبیانوو، ریال مەدرید زۆر خراپە

ماکالیلی: ناوبژیوان مەکەن بەبیانوو، ریال مەدرید زۆر خراپە

دیجیتاڵ

کلۆد ماکالیکی، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، باسی لە کۆمەڵێک کێشە لە یانەی ریال مەدرید کردووە کە بە "مەترسیدار"ناویبردوون. دووپاتیدەکاتەوە شکستی یانەکە لە دێربی، بەتەنیا بەرپرسیارێتی ناوبژیوان نییە.

ریال مەدرید لە میترۆپۆلیتانۆ بە 2 - 1 گۆڵ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ شکستی هێنا. بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە. جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەکە، رەخنەی تووندی لە ناوبژیوانی یارییەکە، میگێل ئانخێل ئۆرتێز ئاریاس گرت و بە "داماو بەرامبەر هاندەرانی ئاتلێتیکۆ"ناوبرد. بەرلەوەی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، بڕیارەکانی ئەو ناوبژیوانە بە هەڵەی زەق ناوببات.

ماکالیلی پێیوایە کێشەی سەرەکی لە ناوبژیوانی یارییەکەدا نەبووە. ئەو پێیوایە ریال مەدریدی مۆرینیۆ، تیپێکە هیچ لێکتێگەیشتنێک لە نێوان یاریزانەکانیدا نییە، ئەمە جیا لەوەی تیپەکە پلانێکی تاکتیکیی روونی لە یاریگادا نییە.

یاریزانەکەی پێشووی ریال مەدرید، دوای یارییەکە دەڵێ، "لێکتێگەیشتن لە نێوان یاریزاناندا نییە، هەروەها لە نێوان یاریزانان و راهێنەریشدا نییە، مۆرینیۆ پێویستە قسە لەگەڵ یاریزانەکانی بکات".

ماکالیلی هەروەها دەڵێ، "تیپەکە خراپە و هیچ پلانێکی یارییکردنی نییە، هیچ شتێک. دەبێ داوای زیاتریان لێبکرێت، ناوبژیوان مەکەنە قۆچی قوربانی، کێشەکە لە ناوبژیواندا نییە، تیپەکە بێدەسەڵاتە و هیچ بیرۆکەیەکی نییە، پلانێک نییە تیپەکە لە یاریگادا، لەسەری بڕوات".

ریال مەدرید بە شکستەکەی دێربی، بەجیاوازیی شەش خاڵ کەوتە دوای بارسێلۆناوە، میدیای ئیسپانیا رکابەرییکردن لەسەر نازناوی لالیگا بۆ تیپەکە، بەزەحمەت ناودەبەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news