Skip to content
krd24.netkrd24.net

پەیامێکی تووند لە ئامەدسپۆرەوە بۆ بەرپرسانی تۆپی پێی تورکیا

پەیامێکی تووند لە ئامەدسپۆرەوە بۆ بەرپرسانی تۆپی پێی تورکیا

دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر رەخنە لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر بێشکتاش دەگرێت و پەیامێکی تووند ئاراستەی بەرپرسانی تۆپی پێی تورکیا دەکات.

ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر دوای بردنەوەی یانەکەی لە بێشکتاش بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە پێشاندا و گوتی "بۆ ئەنجامە باشەکە، دەستخۆشی لە یاریزانەکانمان، دەستەی راهێنەرانمان و سەرجەم هاندەرانی گەورەی ئامەدسپۆر دەکەم. ئەمڕۆ دەمەوێت چەند رستەیەک بڵێم؛ تاوەکو ئەمڕۆ دوای هیچ یارییەک، چ لە خولی پلە یەک بێت یان لەم خولەدا، نەهاتوومەتە پێش کامێراکان بۆ ئەوەی لێدوان بدەم، بەڵام ئەمڕۆ بە ئاشکرا لەم یاریگایەدا، بەداخەوە ناوبژیوانان هەڵوێستێکی وەهایان نیشاندا کە وەک ئەوە وابوو بۆ ئەوەی رکابەرەکەمان گۆڵ تۆماربکات. لەم یاریگایەدا زۆر بە روونی دەبینرا؛ 14 خولەک کاتی زیادکراویان دانا، لە خولەکی 4 یان 5 لێدانی سزا هەبوو، بەڵام 14 بۆ 15 خولەک یارییەکە درێژ دەکەنەوە. واتە دەتانەوێت یارییەکە درێژە پێبدەن تا تیپەکانی ئیستەنبوڵ گۆڵ دەکەن؟ ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین."

سەرۆکی ئامەدسپۆر دەڵێت "ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە گوتمان: ئامەدسپۆڕ دێتە سوپەر لیگ و رەنگ و جوانی دەبەخشێتە سوپەر لیگ و ئەو یاسایانە دەگۆڕێت کە تاوەکو ئەمڕۆ هەبوون. تیپەکانی ئەنادۆڵو بە پاڵپشتی هاندەرە سەرسەختەکانیان دەبنە خاوەن بڕیار لەم خولەدا. بە پێکهاتە و بودجەیەکی سادەوە هاتوینەتە ئەم خولە قورسە، بەڵام بەم شێوازەی بەڕێوەبردن خولەکە بەرەو پێش ناچێت. سەیری ئەو کارتەنە بکه کە دراونەتە یاریزانەکانمان، هەموویان جێی گومانن. بەڵام ئێمە ئەو ئیرادە و نیازەی ئەوان قبوڵ ناکەین کە یارییەکە درێژ بكرێتەوە تاوەکو رکابەرەکەمان گۆڵ دەکات. لێرەوە بانگەواز بۆ بەرپرسان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکەم؛ بەڵێ ئەمڕۆ بووینە پێشەنگ، بەڵام ئاسوودە نین. ئێمە یاسا و شێوازی ناوبژیوانی بەم شێوەیە قبوڵ ناکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناهیت ئەرەن، سەرۆکی ئامەدسپۆر لە پەیامەکەیدا گوتی "ئێوە ناتوانن داپۆشینی ئەو رەنگە بکەن کە ئامەدسپۆر بەم خولەی بەخشیوە، ناتوانن رێگری لەم هەوڵ و خەباتە بکەن. راهێنەرەکەمان ناڕەزایەتی دەربڕی چونکە 14 خولەک درێژکرایەوە، کەچی کارتی سووریان پێدا. لێرەوە زۆر بە روونی دەڵێم؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان. بەم پێکهاتەیەی بە بودجەیەکی کەم دروستمان کردووە، هەوڵدەدەین لە سوپەر لیگدا بمێنینەوە و گوشار لە پلەکانی سەرەوە بکەین و ئەم گەلە جوانە و ئەم هاندەرە بەڕێزانە خۆشحاڵ بکەین."

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئامەدسپۆر سوپاسی هاندەرانی یانەکەی و یاریزانان دەکات و دەڵێت "جارێکی دیکە سوپاسی هەموو هاندەرانمان دەکەم. جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینەوە؛ تکایە بڕیاری ناوبژیوانان نەکەنە مۆری سەر ئەم خولە. سوپاسی هەموو ئێوەی راگەیاندنکارانی بەڕێز دەکەم، لە ناخی دڵمەوە دەستخۆشی لە دەستەی راهێنەران و یاریزانەکانمان دەکەم بۆ ئەم ئەنجامە جوانە."

ئامەدسپۆر لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا سەرکەوتنی بەرامبەر بێشکتاش بەدەستهێنا و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news