Skip to content
krd24.netkrd24.net

کیلیان ئێمباپێ نایک جێدەهێڵێت و گرێبەستێکی مێژوویی واژۆ دەکات

کیلیان ئێمباپێ نایک جێدەهێڵێت و گرێبەستێکی مێژوویی واژۆ دەکات

دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدرید دوای نزیکەی دوو دەیە هاوبەشی، کۆتایی بە پەیوەندییە مێژووییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای نایک هێنا و گرێبەستێکی گەورەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای سویسری "ئۆن"واژۆکرد.

پەیوەندی ئێمباپێ و نایک لە ساڵی 2006ـەوە دەستیپێکردبوو کاتێک منداڵ بوو، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی، ئەم ئەستێرە 27 ساڵانەیە بڕیاریدا روو لە ئەزموونێکی نوێ بکات. هۆکاری سەرەکی رێککەوتنەکە پێدانی پشکی خاوەندارییەتی کۆمپانیای ئۆنـە بە ئێمباپێ، ئەمەش داهاتێکی درێژخایەن بۆ یاریزانەکە دەستەبەر دەکات تەنانەت لەدوای وازهێنانیشی لە یارییکردن، ئەمەش پێشنیازێکبوو کە نایک ئامادە نەبوو پێشکێشی بکات.

لە پاڵ لایەنی دارایی و خاوەندارییەتی پشکەکاندا، تیێری هێنری ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا کە بەڕێوەبەری تۆپی پێیە لە کۆمپانیا سویسرییەکە، رۆڵێکی گەورەی بینی لە قایلکردنی ئێمباپێ لە رێگەی چەندین کۆبوونەوە لە شارەکانی مەدرید، پاریس و زوریخ. هەروەها کۆمپانیاکە تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی بە ناوی "لایتی سپڕەی"خستووەتە خزمەت یاریزانەکە، کە پێڵاوی تایبەتی وەرزشی لە ماوەی تەنیا چەند خولەکێکدا لە رێگەی رۆبۆتەوە بە دیزاین و قەبارەی تایبەتی پێیەکانی ئێمباپێ بەرهەمدەهێنێت تاوەکو وەک پێستی دووەمی یاریزانەکە دەربکەوێت.

ئەم هەنگاوەی ئێمباپێ هاوشێوەی بڕیارەکەی هاری کەینە لە جێهێشتنی نایک بۆ براندی سکێچەرز و رۆجەر فێدێرێری ئەفسانەی تێنس کە پێشتر پشکی لەم کۆمپانیایەدا کڕیبوو. گرێبەستە نوێیەکەی ئێمباپێ پاداشتی تایبەت لەخۆدەگرێت لە کاتی بردنەوەی نازناوە گەورەکانی وەک چامپیۆنزلیگ و مۆندیال.

کۆمپانیای نایک لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد "گەشتی کیلیان لەگەڵ نایک لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستیپێکرد، شانازی بە هەموو ئەو دەستکەوتانەوە دەکەین پێکەوە لەنێو یاریگە و دەرەوەیدا بەدەستمانهێنان و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین". جیابوونەوەی ئێمباپێ لە کاتێکدایە نایک لەم ساڵانەی کۆتاییدا چەندین ئەستێرەی دیکەی لەدەستداوە، هەرچەندە هێشتا گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ ئێرلینگ هالاند و ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەیە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news