Skip to content
krd24.netkrd24.net

فلیک سوپرایزی زۆری بۆ یاری بەرامبەر سێڤییا هەیە

فلیک سوپرایزی زۆری بۆ یاری بەرامبەر سێڤییا هەیە

دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە، یانەی بارسێلۆنا لە یاریگای رامۆن سانچێز پیزخوان، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی ئیسپانیا، رووبەڕووی سێڤییا دەبێتەوە بەهیوای بەردەوامیدان بە سەرکەوتنە گەورەکانی.

بارسێلۆنا بە رۆحێکی بەرزەوە دەچێتە ناو یارییەکەوە، لە شەش قۆناخی یەکەمدا ژمارەیەکی پێوانەیی مسۆگەر کردووە و 18 خاڵیان کۆکردووەتەوە لە دەستپێکردنێکی ناوازەدا کە بە فۆرمێکی سەرنجڕاکێش و یارییەکی هێرشبەری نایاب تایبەتمەندە.

هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، بە لەبەرچاوگرتنی پێکانەکەی خوان گارسیا لە ئەژنۆی راستیدا، پێشبینی دەکرێت ڤۆیچیچ چێزنی گۆڵپارێزی تەمەن 36 ساڵانی پۆڵەندی لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی سێڤییا یاری بکات.

هەرچەندە فلیک دوێنێ بەفەرمی بەشداریکردنی چێزنی لە لێدوانەکانیدا پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام لێدوانەکانی دوای یارییەکەی چوارشەممە بەرامبەر رایسینگ سانتاندێر ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە بۆ یارییەکەی ئەمشەو پشت بە گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە ببەستێت.

بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، فلیک بەنیازە چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکات، هەنگاوێک کە راهێنەرەکە لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پشتڕاستی کردەوە کاتێک ئاماژەی بەوەدا کە کوبارسی لەنێو یاریزانە سەرەکییەکاندا دەبێت.

هەروەها پێشبینی دەکرێت چاڤی ئێسپارت، فێرمین لۆپێز و ئانتۆنی گۆردۆن، کە لە گەڕی پێشوودا پشوویان پێدرابوو، چانسی دەستپێکردنی یارییەکە بەرامبەر سێڤییا بەدەستبهێنن.

بەپێچەوانەوە لەوانەیە جواو کانسێلۆ، دانی ئۆلمۆ و کەریم ئادێیمی خۆیان لەسەر کورسی یەدەگ ببیننەوە، شانبەشانی هێرشبەری میسری حەمزە عەبدولکەریم. وادیارە ئێریک گارسیا، رۆدری، پێدری، لامین یامال و رافینا لە بژاردە سەرەکییەکانی فلیک بن، لەکاتێکدا ناسنامەی هاوبەشی کوبارسی لە دڵی بەرگری نادیارە، جیرارد مارتن و کریستینسن کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.

بەپشتبەستن بە ئاماژەکانی ئێستا، بارسا دەتوانێت پێکهاتەیەکی لەخۆبگرێت کە بریتی بێت لە: چێزنی، ئێریک گارسیا، کوبارسی، جیرارد مارتین، ئێسپارت؛ رۆدری، پێدری؛ لامین یامال، فێرمین لۆپێز، ئانتۆنی گۆردۆن و رافینیا.

لەلایەکی دیکەوە یانەی سێڤییا بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی لۆکاس ستاسین هێرشبەری بەلجیکی بێبەش دەبێت، هەروەها روبێن ڤارگاسیش بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، لەکاتێکدا ئارونا سانگانتی بەرگریکاری سەنیگالی لە پێکانەکەی پاژنەی پێیدا چاکبووەتەوە. کیکێ سالاسی بەرگریکاری ناوەڕاستیش ئامادەیە بۆ یاریکردن، سەرەڕای ئەوەی تووشی پێکان بووبوو لە قاچی راستی و بەشداری مەشقەکانی پێنجشەممەی نەکرد.

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news