Skip to content
krd24.netkrd24.net

ڤیدیۆ؛ هەولێر رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر و تانە لە سزادانەکەی دەدات

ڤیدیۆ؛ هەولێر رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر و تانە لە سزادانەکەی دەدات

دیجیتاڵ

یانەی هەولێر تانە لە بڕیاری سزادانی یانەکە دەدات و جێگری سەرۆکی یانەکەش بە سپۆرتسی راگەیاند، سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەکانن. بەهۆیەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و گەرمە، یانەی هەولێر بە ئەنجامدانی سێ یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی و بەبێ ئامادەبوونی هاندەران سزادرا و پێبژاردنی 3 ملیۆن دیناریش وەکو سزای دارایی بۆ یانەکە راگەیێنرا.

بڕیاری سزادانی یانەی هەولێر کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە و هاندەران و دەستەی کارگێڕیی یانەکە ئەو بڕیارە بە ناحەقی لێکدەدەنەوە.

بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، یانەی هەولێر شاندێک پێکدەهێنێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو شاندە بۆ تانە لێدان لە بڕیاری سزادانەکەی دەچێتە بەغدا و تانە لە بڕیاری سزادانی یانەکە دەدات.

سەفین کانەبی، جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر کە ئێستا لەگەڵ تیپی تۆپی پێی یانەکە لە کەربەلایە بە سپۆرتسی گوت "ناحەقی بەرامبەر یانەکەمان کراوە، سزاکە زۆر قورسە و چاوەڕێی ئەوە نەبووین، ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەکانین و تانە لە بڕیاری سزادانەکە دەدەین."

جگە لەوە بەپێی زانیارییەکانی سپۆرتس، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی هەولێر لەسەر هێڵن و دەیانەوێت هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی سزای سەر یانەکە کەمبکرێتەوە.

رۆژی چوارشەممە سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر پەیوەندیی بە سەرۆکی یانەی زاخۆ و سەرۆکی یانەی دهۆکەوە کردووە و پێیگوتوون، ئێمە راگەیێنراوێک لەبارەی سزادانی یانەکەمان بڵاودەکەینەوە و داوای هاوهەڵوێستیتان لێدەکەم.

هەولێر دوای ئەوەی تانە لە بڕیارەکە دەدات، لەو کاتەوەی تانەکە دەگاتە لیژنە تێهەڵچوونەوە بە سزاکان ماوەی پێنج رۆژی هەیە، لیژنەکە لە 5 کەس پێکدێت و یەکێکیان کوردە کە دکتۆر دیار کەمالە، کاری لیژنەکە پێداچوونەوەیە بە هەموو بەڵگەکان و لێکدانەوەی سزاکان، دوای ئەوە بە دەنگدانی زۆرینە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی سزاکانەوە دەدرێت.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news