Skip to content
krd24.netkrd24.net

زاخۆ گەڕایەوە، نەورۆز درەوشایەوە و هەولێر، دهۆک و شورتە شۆککران

زاخۆ گەڕایەوە، نەورۆز درەوشایەوە و هەولێر، دهۆک و شورتە شۆککران

دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتاییهاتن، یانەکانی کوردستان لەم گەڕەدا زاخۆ و نەورۆز بردیانەوە و دهۆک و هەولێر تووشی یەکەم دۆڕان بوون.

کەرکووکییەکان شورتەیان شۆکککرد لە دەستپێکی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، یانەی گازی باکوور لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی شورتە یارییکرد، یانە کوردستانییەکەی کەرکووک بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانیی بەربەستی زۆر بۆ شورتە دروست بکات.

گازی باکوور لەو یارییەدا گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی بە بیانووی ئۆفسایدەوە رەتکردەوە و یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

گازی باکوور لەم وەرزەدا 7 یاریی ئەنجامداوە، 1 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەو بردنەوەیەی بەرامبەر یانەی جۆلان بووە کە یارییەکە لە یاریگەی خۆی بوو. لە 6 یارییەکەی دیکەدا دوو دۆڕان و چوار یەکسانبوون، ئەنجامەکانی تیپەکەی رەئفەت محەممەدن.

ئەوەی لە ریزەکانی یانەی گازی باکووردا جێگەی سەرنجە، هاوئاهەنگیی زۆری نێوان راهێنەر و یاریزانەکانی تیپەکەیە، جگە لەوەش ئاستبەرزیی رێباز رەحیم، یاریزانی کورد لەم وەرزەی خولەکەدا بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە و یاریزانەکە توانیوویەتی بە ئاستێکی نایابەوە دەربکەوێت.

یاریی داهاتووی گازی باکوور تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، کاتێک بەرامبەر یانەی نەورۆز یاریی دەکات.

یارییەکە لە یاریگای نەورۆزە، بەڵام یاریگاکە بۆ گازی باکوور هەژمار دەکرێت، بەوپێیەی یانەکە یارییەکانی لە یاریگای نەورۆز ئەنجامدەدات.

رۆژی شەممە کاژێر 18:45 دێربییەکی دیکەی کوردستان لە سلێمانی لەنێوان هەردوو تیپدا ئەنجامدەدرێت.

یەکەم بردنەوەی تەڵاڵ بلووشی دوای چاوەڕوانییەکی زۆری هاندەران و ناڕەزایەتیی بەردەوام لە خراپیی ئەنجامەکان، یانەی زاخۆ کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هێنا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

هاندەرانی زاخۆ دوای بردنەوەی تیپەکەیان لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر گازی باکوور، ماوەیەکی زۆر بوو ئاهەنگی سەرکەوتنیان نەگێڕابوو، خراپیی ئەنجامەکانی یانەکە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی لاورێن بانیدی فەرەنسی دووربخرێتەوە و تەڵاڵ بلووشی، بگەڕێتەوە ئەو یانەیەی کە هەمووان تێیدا راهێنەرە قەتەرییەکەیان خۆشدەوێت، بەڵام دوای دوو یاریی دوای گەڕانەوە، تەڵاڵ هەر نەیتوانی سەرکەوتوو بێت.

ئەمجارە زاخۆ بەرامبەر موسڵ یارییکرد و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە فرانسۆ هەریری سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە، ئەمە بووە سەرەتای بردنەوەکانی بلووشی دوای گەڕانەوەی بۆ زاخۆ.

دوای یارییەکە تەڵاڵ بلووشی، بە سپۆرتسی گوت "ئەمە سەرەتای کارەکانی ئێمەیە و تیپەکەم توانای ئەوەی هەیە هێشتا باشتر بێت."

زاخۆ ئەمە دووەم بردنەوەیەتی لەم وەرزەی خولەکەدا، لە سێ یارییدا یەکسانبووە و دوو یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە 9 خاڵی هەیە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە.

یاریی داهاتووی زاخۆ، یارییەکی سەرنجڕاکێش و زەحمەت دەبێت، کاتێک رۆژی شەممە کاژێر 21:00 لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی گەرمە.

دهۆک هەمووانی بێهیوا کرد ئەوەی لەم گەڕەدا چاوەڕواننەکراو بوو، دۆڕانی یانەی دهۆک بوو، بەرامبەر یانەیەک کە هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەبردبووەوە و لە خراپترین کاتەکانیدایە.

دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کەرخ یارییکرد، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند، سەرەڕای ئەوەی دووجار لە یارییەکەدا پێشکەوتن.

دوای ئەم دۆڕانەی دهۆک، هاندەرانی یانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی زۆریان پێشاندا و هەست بە بێهوایی دەکەن، هەر ئەو دۆڕانەش بووە هۆکاری ئەوەی دەنگۆی دوورخستنەوەی یەحیا گوڵمحەممەدی بڵاوببێتەوە، بەڵام سپۆرتس لەنێو کارگێڕیی یانەی دهۆک پشتڕاستیکردەوە کە هیچ راستییەک بۆ ئەو بابەتە نییە و یەحیا بەردەوام دەبێت.

رۆژی دووشەممە سەرۆکی یانەی دهۆک لەگەڵ راهێنەر و یاریزانانی تیپەکە کۆبووەتەوە و متمانەی داوەتەوە دەستەی راهێنەرانی یانەکە بۆ ئەوەی کار لەسەر باشترکردنی ئەنجامەکانیان بکەن.

دهۆک دوای دۆڕانی بەرامبەر کەرخ، لە بەغدا ماوەتەوە و لەوێ خۆی بۆ یاریی داهاتوو ئامادەدەکات، رۆژی سێشەممە شاندی یانەکە دەچێتە بەغدا و رۆژی هەینی کاژێر 21:00 لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی مینا.

ئەلهویێن چیا، لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا تەنیا 1 بردنەوەی هەیە، خاوەنی زۆرترین یەکسانبوونی خولەکەیە و لە 5 گەڕدا یەکسانبووە، دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر کەرخ یەکەم دۆڕانی یانەکە بوو. ئێستا تیپەکە خاوەنی 8 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندە.

نەورۆز هاتریکی لە بردنەوەدا تۆمارکرد یانەی نەورۆز، لەباشترین کاتەکانیدایە و رۆژ لە دوای رۆژ ئەنجامەکانی باشتر دەبن، تیپەکە هاتریکی لە بردنەوەدا تۆمارکرد و چوار یارییە لەسەریەک نەدۆڕاوە.

ئەمجارە تیپە کوردستانییەکەی شارە حەیاتەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جۆلان یارییکرد، نەورۆزی کوردان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هەردوو گۆڵەکە لەلایەن نێتۆ ئاکارای بەرازیلییەوە تۆمارکران.

یانەی نەورۆز لە چوار گەڕی رابردوودا بەباشترین ئاستەوە دەرکەوتووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تیپەکە سێ یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، 360 خولەکە یانەکە پارێزگاریی لە گۆڵەکەی دەکات و لەو چوار یارییەدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپۆرتس، یاریی یانەکە بەرامبەر تەڵەبە، لە بەرژەوەندیی یانەکە هەژمار دەکرێت و بەمشێوەیە لە دوای 7 گەڕ دەبێتە خاوەنی 4 بردنەوە و بەمشێوەیە یانەکە بە 14 خاڵ دەچێتە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.

نەورۆز یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەو یارییەش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە بەرامبەر یانەی غەڕاف، تیپەکە لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر یانەی گازی باکوور یاریی دەکات و هەردوو یانە لە دێربییەکی کوردستانیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

ئەوەی بۆ هاندەرانی سوور و سپی مایەی دڵخۆشییە، ئاستی نێتۆ ئاکارای هێرشبەری بەرازیلییە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە لە دوو گەڕی رابردوودا 3 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.

هەولێر یەکەم یاریی دۆڕاند لە شەوێکی زۆر تایبەتدا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر یانەی هەولێر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی گەرمە یارییکرد و بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا دۆڕا.

هەزاران هاندەری قەڵای زەرد، بە ورە و پەرۆشییەکی زۆرەوە روویانکردە یاریگا، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن و بینەری سەرکەوتنێکی دیکە بن، بەڵام ئەوەی روویدا بە دڵی ئەوان نەبوو.

یارییەکە بە هەڵەیەکی حوسێن حەسەن، گۆڵپارێزی هەولێر دەستیپێکرد و هەر زوو دوای شەش خولەک، گەرمە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.

هەر لە نیوەی یەکەمدا و بەهەمان سیناریۆی گۆڵی یەکەم، گەرمە گۆڵی دووەمی لە رێگەی ئامۆری فەیسەڵەوە تۆمارکرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی پرتەقاڵییەکان کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا هەولێر بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە گەڕایەوە، پەیژەکانی یاریگە دەهەژان و هەمووان بە ناوی هەولێرەوە هاواریان دەکرد، مستەفا وەلید ئەنجامەکەی گۆڕی و گۆڵێکی بۆ خاوەن یاریگا تۆمارکرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ رزگارکردنی تیپەکەی لوئەی سەڵاح لە یەکەم دۆڕان.

گەرمە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و ئیمپراتۆر تووشی یەکەم دۆڕان بوو لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا.

هەولێر لەنێو یانە کوردستانییەکاندا زۆرترین یاریی لە یاریگای خۆی ئەنجامداوە و 5 یاریی کردووە، یانەکە لە یاریگای خۆی سێ یاریی بردووەتەوە، جارێک یەکسانبووە و لە یارییەکیشدا دۆڕاوە، بەگشتی لە 7 گەڕدا چوار بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 1 دۆڕانی هەیە.

هەولێر بە 14 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی عێراقە، یانەکە لە یاریی داهاتوودا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کەربەلا یاریی دەکات، یارییەکە رۆژی هەینی کاژێر 18:45 بەڕێوەدەچێت و ئیمپراتۆر دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە کە لە یاریگای خۆیدا تووشی بوو.

گۆڵکاری یانە کوردستانییەکان دوای ئەنجامدانی 7 گەڕ لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یونس حەموود، هێرشبەری یانەی دهۆک تاوەکو ئێستا گۆڵکاری یانەکانی کوردستانە و 4 گۆڵی تۆمارکردووە، هەریەکە لە میولێن ناتان، هێرشبەری یانەی هەولێر، نێتۆ ئاکارا، هێرشبەری یانەی نەورۆز و ئیگۆر هێنریکێ، هێرشبەری دهۆک سی گۆڵیان کردووە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news