Skip to content
krd24.netkrd24.net

تایبەت بە سپۆرتس؛ سێ یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن

تایبەت بە سپۆرتس؛ سێ یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن

دیجیتاڵ

سێ یاریزانی کورد بۆ یارییەکانی جامی کەنداو، بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن و گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە بە تواناکانیان سەرسامە.

رۆژی 23ـی ئەم مانگە جامی کەنداو دەستپێدەکات، هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتییەکە بەشدارە و لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر عومان، کوێت و سعودیە یاریی دەکات.

بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، یەکێک لەو یاریزانانەی بۆ یارییەکانی جامی کەنداو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت ئاکۆ عوزێرە، کاپتن و ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر.

زیاتر لە جارێک گراهام ئارنۆڵد و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی هەولێردا ئامادەبوون و چاودێریی ئەو یاریزانەیان کردووە.

یەکێک لە یاریدەدەرەکانی گراهام ئارنۆڵد، قسەی لەگەڵ ئاکۆ عوزێر کردووە و پێیگوتووە ئاگاداری خۆت بە لە پێکان و ئەمەش وەکو ئاماژەیەک کە ناوی ئەو یاریزانە لە لیستی هەڵبژاردەی عێراقدا دەبێت.

حوسێن حەسەن، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر یەکێکی دیکەیە لەو ناوانەی کە چاوەڕواندەکرێت ناوی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکاندا بێت و دەستەی راهێنەران پرسیاری ئەو گۆڵپارێزەشیان کردووە.

یەکێکی دیکە لەو یاریزانانە، ئەحمەد زێرۆ، یاریزانی کوردی یانەی شورتەیە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی داوای پاسپۆرتی یاریزانەکەی کردووە و بە ئەگەری زۆرەوە ناوی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقدا دەبێت بۆ یارییەکانی جامی کەنداو.

ئەحمەد زێرۆ، لە یانەی شورتە یاریی دەکات، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 6 یاریی بەشێوەی سەرەکی ئەنجامداوە و لە سەرجەم خولەکەکانی یارییەکانی ئەو تیپەدا یارییکردووە و زیاتر لە 540 خولەک یارییکردووە.

محەممەد دلاوەر، ئەستێرەی کورد و کاپتنی یانەی نەورۆز، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ناوی لە لیستی راهێنەرەکەی عێراقدایە و ماوەیەکی زۆرە چاودێریی دەکرێت.

یاریزانەکە لەڕووی بەرگری و هێرشبەرییەوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و ماوەیەکی زۆرە لەنێو میدیا و شرۆڤەکارانی وەرزشیدا باس لەوە دەکرێت کە یاریزانەکە شایستەی ئەوەیە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریی بکات.

دلاوەر کاپتنی نەورۆزە و لە هەموو یارییەکانی یانەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات و لە یەکەم یاریی ئەم وەرزەدا بەرامبەر یانەی جەوییە گۆڵێکی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news