Skip to content
krd24.netkrd24.net

بێبایەخکردنى دۆسییەى ئەنفال

بێبایەخکردنى دۆسییەى ئەنفال

لە دوو سێ رۆژى رابردوو لە مەراسیمێکى ساردو سڕو بێ بەشدارى فراوانى خەڵک و کەسوکاریان و تەنانەت بەبێ بەشدارى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى لایەنە پەیوەنددارەکانى خودى دۆسییەکە، روفاتى 153 ژن و مناڵى ئەنفالکراوى گەرمیان و قەڵاسێوکە، لە بەغداوە گەیەندرایەوە فڕۆکەخانەى سلێمانى. نەک بەرپرسە باڵاکانى حکومەت و حیزب، پارێزگارى شارەکەیش لە پێشوازیاندا نەبوو.

روفاتەکان پێش دوو ساڵ، واتا لە کۆتایى ساڵى 2024 لە یەکێک لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانى بیابانەکانى پارێزگاى سەماوە لە (تەلشێخە) دەرهێندرابوون. سەرجەمیان ژن و مناڵن و بەشێک بوون لەو دەیان هەزار ژن و مناڵەى کورد کە لە پرۆسەى ئەنفال ساڵى 1988 لە بیابانەکانى عیراق کۆمەڵکوژ کراون. لەدواى هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکەو دەرهێنانەوەى روفاتەکان، گوێزرانەوە بۆ بەغدا، تا بەپێى یاساى پاراستنى گۆڕەبەکۆمەڵەکان، پەیمانگاى پزیشکى دادوەرى عیراق کە سەر بە وەزارەتى تەندروستییە، توێکارى بۆ روفاتەکان بکات، بە وەرگرتنى سامپڵى دى ئێن ئەى لە روفاتەکان و کەسوکارىان، قوربانییەکان بناسرێنەوەو دواى ئەوە تەسلیم بە کەسوکاریان بکرێنەوە.

بەڵام هیچ کام لەو رێوشوێنە یاساییانە نەگیراونەتەبەر کە لە یاساى پاراستنى گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دیارکراوە. دواى مانەوەى نزیک بە دوو ساڵ، نە پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ روفاتەکان و نە بۆ کەسوکاریان  کراوە. لەکاتێکدا بەهۆى ئەوەى بەشێک لەو خاتوونانەى ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان، ناسنامەى خۆیان و مناڵەکانیان لە بەرۆکیان بووەو بەهۆیەوە دەزاندرێت کێن و خەڵکى کام گوندو ناوچەى کوردستانن و بە ئاسانى دەتواندرا کەسوکاریشیان ئەوانەى لەژیان ماوون بدۆزرێنەوە. کەچى ئەو رێگا ئاسانەشیان نەگرتەبەر.

من دەزانم دەسەڵاتدارانى عیراق بە سونە و شیعەوە نایانەوێ بایەخ بە پرسى ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان بدرێت، نایانەوێ ئەم بابەتە ببێتە هۆکارى ناساندنى زیاترى تاوانەکانى دەوڵەتى عیراق بەرانبەر بە گەلى ستەمدیدەى کورد. پێیان خۆش نییە پرسى هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکان ببێتە بابەت و کەرەسەیەکى میدیاى جیهانى و بەهۆیەوە پرسى کورد بخرێتەوە بەرچاو. بەڵام ئەوەى جێى هەڵوەستەو تێڕامانى قووڵە ئەوەیە کورد خۆى بۆ دەبێتە بەشێک لەو ئەجندا دوژمنکارییەى بەرانبەر بە گەلى کورد لە ئارادایە.

چەند پۆست و پێگەى بەغدا بەدەستى کوردەوەن، چەند پەرلەمانتار و بریکارى وەزیر و راوێژکار و بەرپرسمان هەیە لە دەزگاو دەستە جۆراوجۆرەکانى عیراق، ئایا هۆکار چییە هیچ کەسێکیان لەو مەراسیمەى بەعدا بەشدار نەبوون کە روفاتەکان تەسلیم بە نێردەى بەڕێوەبەرێتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى سلێمانى کرایەوە. راوێژکارێکى سەرۆکایەتى کۆمار لەوێ بوو، هەڵە نەبم ئەویش عەرەب بوو.

سەرۆک کۆمار، جێگرى سەرۆک وەزیرانى عیراق، وەزیرى داد، وەزیرى ژینگە، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان، دەیان راوێژکار و بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتى کوردن، فراکسیۆنەکانى پەرلەمان و پەرلەمانتارانى کورد، تەنانەت حیزبەکانیش بارەگاو نوسینگەى مەکتەبى سیاسیان لە بەغدا هەیە، لە کوێ بوون؟ بۆچى کەسیان بەشدار نەبوون لەو مەراسیمە سارد و سڕو بێبایەخەى روفاتى 153 ژن و مناڵى کورد تەسلیم بە کوردستان کرایەوە.

من دڵنیام ئەگەر لە مەراسیمى عاشورا و چلەو شینى ئیمام حوسێندا، بەهۆى وەرگەڕانى چەند پاسێکەوە 153 زیارەتکارى ئێرانى ببونایەتە قوربانى، ئەوەى بۆ تەسلیمکردنەوەى روفاتى ئەنفالەکان رویدا بۆ مەراسیمى ناردنەوەى زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن بوایا، سەرۆک کۆمار و جێگرى سەرۆک وەزیران و سەرجەم وەزیر و بریکار و پەرلەمانتارانى کوردستان و تەنانەت لە کوردستانیشەوە دەسەڵاتدارانى حیزب و حکومەت ئاپۆرەیان دەبەست بۆ بەشداریکردن و دانانى تاجە گوڵینە لەسەر روفاتەکان. بەڵام بۆ روفاتى ژن و مناڵە ئەنفالکراوەکانمان هیچ کەسێکیان، حزوریان نەبوو.

ئەوپەڕى شەرم و شەرمەزارى و خەجاڵەتییە بۆ کورد بەو بێڕێزییەوە مامەڵە لەگەڵ قوربانییەکانى دەکرێت. نیشاندانى بێبەهایى و بێنرخى خوێنى کوردە، وا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ روفاتى بێگوناهترین چین و توێژەکانى دەکرێت. کورد لە ئێستادا کە هیچ ئامراز و دەسکەلایەکى بەدەستى خۆیەوە نەهێشتووە بۆ وروژاندنى قەزییەکەى لە عیراق، دەبوو بابەتى گۆڕەبەکۆمەڵەکان بکات بە ئەولەویەتى خۆى لە بەئاگاهێنانەوەى جیهان لەو زوڵم و ستەمکارییەى لە کورد دەکرێت.

دەبوو کورد گەورەترین مەراسم لە بەغدا رێکبخات بۆ وەرگرتنەوەى رووفاتەکان، میدیاى هەموو جیهان و باڵوێز و نێردەى وڵاتانى داوەت بکردایا، سەرۆک کۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکان بەشدار بوایان، پێویست بوو سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتدارانى دیکەى عیراق لەوێ بن. بەڵام نەک ئامادە نەبوون، رەنگە هەر نەیانبیستبێت بۆنەیەکى لەو جۆرە هەبووە. وە پێویست بوو بگەڕێندرانایەتەوە پایتەختى هەرێم و مەراسیمى شایستە بۆ پێشوازیان رێکبخرایا، دەبوو سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و وەزیر و بەرپرسانى هەموو حیزبەکان تاجە گوڵینەیان لەسەر روفاتەکان دابنایا، دواتر رەوانەى ناوچەکانى خۆیان بکرانایەتەوە.

ئەگەر تەماشاى وڵاتانى دیکە بکەن دەبینن لە کاتى گەڕانەوەى تەرمى تەنها یەک سەربازیشدا چى مەراسمى شایستە رێک دەخەن. دەبینین سەرۆکى وڵاتێک دەچێتە فڕۆکەخانە لەکاتى گەڕانەوەى تەرمى سەربازێکدا، چونکە دەزانن بایەخپێدان بەو تەرمە هەر رێزگرتن نییە لەو کەسەى بووەتە قوربانى، بەڵکوو ئاماژەى رێزگرتنە لە مرۆڤەکانى دیکەى وڵاتەکە، بەرزنرخاندنى خوێن و بەهاى تاکەکانى کۆمەڵگاکانیانە.

بەداخەوە کورد کەوتوینەتە رۆژگارێکەوە نە رێز لە قوربانیەکانمان دەگرین و نە لە زیندووەکان. تەنها بۆ خۆمان واین، خوێنى خۆمان لا هەرزان و بێبایەخە، ئەگینا بۆ گەل و نەتەوەکانى دیکە، کەس هێندەى ئێمەى کورد مرۆڤ دۆست نییە. دیمەنەکانى چەند مانگى رابردووى هەورامان و هەڵەبجەمان لەپێچشاوە بۆ مەرگى هاوڵاتیەکى عەرەب چیانکرد کاتێ لە سەیرانگایەکى سنورەکەیان خنکابوو. بەڵام رۆژانە گەنج و مناڵى کورد لە گۆماو و روبارو سەیرانگاکانى ناوخۆ و تەنانەت لە دەریاکانى رێگاى گەیشتن بە ئەوروپا دەخنکێن، نیوەى ئەوەىان بۆناکەین کە بۆ هاوڵاتییە عەرەبەکە کردمان. 

ئەگەر دەمانەوێت وەک نەتەوەیەک بە زیندوێتى بمێنینەوەو پێش رۆحمان شکۆو کەرامەتمان پارێزراو بێت، دەبێت ئەمە رامان بچڵەکێنێت، دەبێت رۆحمان بتەزێت لەئاستى ئەو رسوایی و بێڕێزییەى سێ رۆژى رابردوو لە بەغدا و لە سلێمانى بە روفاتى 153 ژن و مناڵى ئەنفالکراوى کورد کرا. ئەگەر وانەکەین، دڵنیابن داهاتوومان لە رابردوو باشتر نابێت.

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news